وەزارەتی شارەوانی بۆ KDP: ئەنجومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی دەگۆڕدرێت

سلێمانی-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا، ئەنجومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی هاوشێوەی شارەوانییەكانی شاری هەولێر و دهۆك دەگۆڕدرێت.
كوردۆ عومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕینی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، ئەنجومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی كۆتایی بە كارەكانی هات و، بە گوێرەی پەیڕەوێكی نوێ، ئەنجومەنی شارەوانییەكانی سلێمانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆك پێك دەهێندرێتەوە، كە پێشتر لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجومەنی شارەوانییەكانی هەولێر بە دەستبەكاربوونی ستافێكی نوێ كارا كرایەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە، كە بە گوێرەی پەیڕەوە نوێیەكەی پێكهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان لەسەر بنەمای پلەی شارەوانییەكان دیاری دەكرێن و رێژەی ئەندامانی ئەنجومەنەكانیش 75%ی لە سەرۆكی فەرمانگە حكوومییەكانی شار و شارۆچكەكان پێك دێن، كە هاوبەشیكردنی سەرۆكی فەرمانگە حكوومییەكان لە ئەنجومەنی شارەوانییەكان، دەبێتە هۆكارێك بۆ هەماهەنگیی زیاتری نێوان فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هاوبەشەكان لە نێوان ئەو فەرمانگانە و شارەوانیدا.
ناوبراو گوتیشی، لە پەیڕەوە نوێكەدا رێژەی 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە ناحكوومییەكان و سەندیكا و رێكخراوە پیشەییە تایبەتمەندەكان دەبن، كە ئەمە یەكەم جارە نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاكان بەشداری لە پێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانییەكاندا دەكەن بۆ بایەخدان بە پێگەی ڕێكخراو و سەندیكاكان بۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە پرۆسەی بڕیاردان لەناو شارەوانییەكاندا زیاد بكرێت، چونكە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەو هەنگاوە بە گرنگ دەزانێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان.
دەشڵێ، ئەنجومەنی شارەوانییەكان (پێشوو) لە ساڵی 2000-2001 هەڵبژێردرابوون، كە نزیكەی 20 ساڵ بوو ئەو ئەنجومەنانە بە بێ گۆڕانكاری كاریان دەكرد، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی بە كردەیی گۆڕانكاری لەو ئەنجومەنانەدا دەست پێكرد، كە بەپێی یاسا پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە دابینكردنی خزمەتگوزاریی ناو شارەكان هەیە و، ئەم بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ نوێكردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی خەڵكە لە سنووری شارەوانییەكان.
نەشوان بەرزنجی




