پۆلیسی ھەولێر: بڕیاری نەھێشتنی چەك دەربچێت جێبەجێی دەكەین

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، نەھێشتنی چەك لە دەست ھاووڵاتیان ھەنگاوێكی گرنگە و پێویستە چەكھەڵگرتن بەپێی یاسا بێت. دەشڵێ: "بۆ نەھێشتنی چەك لە دەست ھاووڵاتیان، چاوەڕێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین و ھەر كاتێك رێنماییمان پێگەیشت، دەست بە جێبەجێكردنی دەكەین".
عەمید دلێر نەجاڕ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیاری نەھێشتنی چەك لە دەست ھاووڵاتیان، ھەر كاتێك لە وەزارەتی ناوخۆ دەربچێت، ئێمە جێبەجێی دەكەین و چاوەڕێش دەكەین رێنمایی لە وەزارەتی ناوخۆ بێت، كە بێگومان ھەر كاتێك رێنماییمان پێ بگات، وەك خۆی جێبەجێیان دەكەین".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گوتیشی: "ھەنگاوێكی زۆر گرنگە كار بۆ نەھێشتنی چەك لە دەستی ھاووڵاتیان بكرێت لە ھەرێمی كوردستان و پێویستە بەیاسایی بكرێت، كە ھەر كەسێك چەك ھەڵبگرێت بەپێی یاسا بێت و دیاری بكرێت چەك لە دەست كێ بێت و لە دەست كێ نەبێت، ئەوەش بەپێی یاسا یەكلا بكرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




