وەزارەتی پێشمەرگە: ژمارەی پاسەوانان دیاری دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، پێداچوونەوە بە پاسەوانانی ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆدا دەكرێت و لیژنەیەكی ھاوبەشیش دروست كراوە، كە ژمارەی پاسەوانەكان بۆ ھەر پلە و فەرمانگەیەك دیاری دەكات.
لیوا قارەمان كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، پێداچوونەوە بە پاسەوانەكاندا دەكرێت و ژمارەی پاسەوان بۆ ھەر بەرپرس و فەرمانگەیەكی حكوومی و حیزبی دیاری دەكرێت، بۆیە لیژنەیەك دروست كراوە و تەنھا وەزارەتی پێشمەرگەش نییە كاری لەسەر دەكات، بەڵكو هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆن، چونكە وەزارەت خۆی پاسەوانی نییە و ئەوەی پاسەوانی ھەیە یەكەی ٧٠ و٨٠ و بەرگری و فریاكەوتن و زیرەڤانییە، بۆیە لیژنەكە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆدا ھاوبەشە و ئەوان پێداچونەوەكە ئەنجام دەدەن.
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، ئەو پێداچوونەوەیە، ھەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە پاسەوانیان ھەیە، تەنانەت ئەوانەی خانەنشینیش بوونە، بۆیە ئەوە پڕۆژەیەكە و ئامادە كراوە و لەلایەن لیژنە ھاوبەشەكەوە كاری لەسەر دەكرێت و ئەوان دیاری دەكەن، كە ھەر پلەیەك و ھەر فەرمانگەیەك و ھەر بەرپرسێك، چەند پاسەوانی ھەبێت.
بڵند ئیبراھیم




