سەرۆكى ههرێمى كوردستان و سهرۆك كۆمارى عێراق كۆبوونهوه

ئێوارهى ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢١/٤/١٠ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بهڕێزان نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان و د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوونهوه.
لە كۆبوونەوەیهكدا هەلومەرجی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و دووپات کرایەوە كە پێویستە زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بڕەخسێت و گوزارشتی ڕاستەقینەی ئیرادەی دەنگدەران بێت لەپێناو تێپەڕاندنی قەیران و ناكۆكییەكانی ئێستا و زامنكردنی سەقامگیری و ئارامی لە داهاتوودا.
لە كۆبوونەوهكهدا بە گرنگییەوە باس لە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرا، جهختیش كرایەوە كە پێویستە بودجە لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی ژیان و مووچەدا جێبەجێ بكرێت، هاوكات ئاماژە بەوە درا كە پێویستە ئەمە سەرەتای گفتوگۆیەكی بونیاتنەرانە بێت بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكانی نێوان و حكوومەتی فیدراڵ و حكوومهتى هەرێمى كوردستان لهسهر بنهماى دەستوور.
لە تەوەرێكی دیكهى كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەگشتی كرا. لەمبارهیهوه داكۆكى لە یەكخستنی هێز و تواناكان و نزیكردنەوەی بیروبۆچوونی هێز و لایەنە ناكۆكەكان كرایەوە بە مەبەستی تێپەڕاندنی هەڕەشە و مەترسییەکان.




