٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: ھاوپەیمانان دەیانەوێت ھەرێم و بەغدا رێككەوتن بكەن.. دۆخی ناوچە كوردستانییەكان خراپە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی گوتی، داعش بە شێوەیەكی مەترسیدار جموجۆڵیان زیادی كردووە و ھاوپەیمانانیش ھەستیان بەو مەترسییە كردووە و ماوەی ١٠رۆژە بەردەوام مۆڵگەكانی داعش بۆردومان دەكەن، ئەوان دەزانن ئەگەر عێراق چارەی ئەو دۆخە نەكات و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان نەكات، دۆخەكە خراپ دەبێت و عێراق بەرەو وێرانبوون دەچێت.

بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "راستە لە ئێستادا داعش وەكو پێشتری لێ نەھاتووەتەوە، بەڵام ئەگەر رێگرییان لێ نەكرێت و بەو شێوەیە جموجۆڵیان لە زیادبووندا بێت و كردەوە ئەنجام بدەن، وەك پێشوویان لێ دێتەوە، چونكە لە دیالە و كەركووك و سەڵاحەددین و ئەنبار، خەڵكێكی زۆر گەیشتوونەتە داعش و ژمارەیان زۆر زیادی كردووە، كە بە رۆژ خەڵكی ئاسایین و بە شەو داعشن، ئەوانیش زیاتر لەو ناوچانە خۆیان رێك دەخەنەوە، كە بۆشایی ئەمنی هەیە.

زێباری گوتیشی، داعش بە شێوەیەكی مەترسیدار سەریھەڵداتەوە و ھاوپەیمانانیش ھەستیان بەو مەترسییە كردووە و لە ھەفتەی ڕابردووەوە بەردەوام مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن، چونكە ئەوان باش ھەست بە مەترسی دەكەن و دەزانن داعش جموجۆڵ و كردەوەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق زیادی كردووە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھاوپەیمانان زانیاریی تەواویان لەسەر جموجۆڵی داعش ھەیە و ھەست بەو مەترسییە دەكەن، بۆیە دەیانەوێت ھەرێم و بەغدا رێككەوتن بكەن و پابەندی رێككەوتن بن، بۆ ئەوەی لەو ناوچانە ھەماھەنگییان ھەبێت.

راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی روونیشی كردەوە، ھاوپەیمانان ھاوكارن بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازیدا بگەنە رێككەوتن، بەڵام ناتوانن لەسەریان فەرز بكەن و حكوومەتی عێراقیش یەكدەنگ نییە و چەندین ڕای جیاوازن، بۆیە تائێستا پابەندی رێككەوتنەكان نابن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، كە بێگومان ئەگەر عێراق سەركردایەتییەكی یەكگرتووی نەبێت و چەك تەنھا لە دەست خۆی بێت و لەگەڵ پێشمەرگە ھەماھەنگی نەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان، عێراق وێران دەبێت و دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا.

دەشڵێ، ئەگەر داعش بەو شێوەیە لە كاری خۆی بەردەوام بێت، ھاوشێوەی ڕابردووی لێ دێتەوە، بەڵام جارێ دەرفەت ماوە رێگریی لێ بكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم    

هەواڵی پەیوەندیدار