٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا سوپاسی تیمی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد، به‌بۆنه‌ی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2021ی عێراق  و دووپاتی كرده‌وه‌، بەشێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە، کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین. گوتیشی: ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە، کە ماف و ئەرکی هەر لایەك دیاریکراوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه:

ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەند کرد. هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. 

سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ  ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵ و کارکردنیان بەردەوام بوون.  هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان. 

ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان . هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین. ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە .

هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی  کێشە و ناکۆکیەکان لە بارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004 ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا. ئەم هەنگاوانەش، متمانە و هەماهەنگیی زیاتر، لە نێوان هەردوولا دروست دەکات . 

لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت ، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاک قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان .

تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە.

هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت. 

 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/3/31

 

هەواڵی پەیوەندیدار