٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

حكوومەتی هەرێمی كوردستان....ئەزموونێكی كەم لە دەسەڵات...سەركەوتنێكی گـــــــەورە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
پاتریك كۆكبێرن لە ڕۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ـی بەریتانیادا بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، كوردەكانی عێراق سەرەكیترین براوەی 10 ساڵی یەكەمی پاش پرۆسەی ڕزگاریی عێراقن.

ئەوان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەختیش یاوەریان بووە. چەند هەفتەیەك پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ڕزگاریی عێراق لە ساڵی 2003ـدا، ئەمەریكا پلانی ئەوەی هەبوو سوپای وڵاتەكەی لە توركیاوە بچێتە ناو عێراقەوە.

بڕیارەكە لەو جۆرە بوو، كە 40 هەزار سەربازی سوپای توركیایش هاوڕێیەتی سوپای ئەمەریكا بكەن.

ئەمەیش نیگەرانی و ترسێكی زۆری خستە دڵی كوردەكانەوە، چونكە ئەوان لەو باوەڕەدا بوون ئەگەر سوپای توركیا بێتە هەرێمەكەیان، ئیدی بە ئاسانی ناكشێتەوە.

كاتێكیش پەرلەمانی توركیا دژ بە بەشداریكردنی سوپای وڵاتەكەی لەو شەڕەدا دەنگی دا، كوردەكان زۆر خۆشحاڵ بوون و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕا.

ژیانی سەختی كوردەكان پێش پرۆسەی ڕزگاریی عێراق
كۆكبێرن نووسیویەتی، لەو كاتەدا هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان شوێنێكی ناخۆش و بێ خزمەتگوزاری بوو.

هەرێمی كوردستان نیمچە سەربەخۆییەكی هەبوو، بەڵام بەدەستهێنانی ئەو جۆرە دەسەڵاتە كاریگەریی گەورەیشی لە سەر هەرێمەكە بەجێ هێشتبوو بە جۆرێك، كە كوردستان لە سەرانسەری جیهان شوێنێكی دابڕاو بوو و دانیشتوانەكەیشی بە دەست هەژارییەوە دەیناڵاند.

خەڵكی پێویستی بە سووتەمەنی بوو و هەربۆیەش پەنای بۆ بڕینی ڕووەكی دۆڵ و چیاكان دەبرد.

خەڵكی بۆ مەبەستی دەستكەوتنی بژێوی ڕۆژانەی خۆی پەنای بۆ پیشەیەكی زۆر مەترسیدار دەبرد، ئەویش هەڵوەشاندنی مین بوو بۆ مەبەستی دەستكەوتنی ئەو بڕە كەمە لە ئەلەمنیۆم و تەقەمەنییەی لە هەر مینێكدا هەیە.

سەردانی شارۆچكەی "پێنجوێن"ی سەر سنووری ئێرانم كرد و بینیم، كە ژمارەیەكی زۆر لە گۆڕی گوڕستانی گوندەكانی ئەو ناوچەیە نوێن، چونكە مینەكان هەفتانە دەیان هاووڵاتیی كوردیان شەهید دەكرد.

ئێستا كوردستان زۆر پێشكەوتووە
نووسەر دەڵێت: كاتێك باسی ئەم ڕووداوانە و پێشكەوتنی ئێستای هەرێمی كوردستان دەكەیت وا هەست دەكەیت ئەو ڕووداوانە چیرۆكی سەدەكانی ناوەڕاستن.

ئێستا هەولێر شارێكی پێشكەوتووە و خاوەنی فڕۆكەخانەیەكی گەورەی نێودەوڵەتییە. لە سەرانسەری ئەو شارەدا ژمارەیەكی زۆر ئوتێلی پێنج ئەستێرە و باڵەخانەی زۆر گەورە دروست كراون.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئارامی و ئاسایشی تەواو و خزمەتگوزاربی بۆ هاووڵاتیان دابین كردووە، ئەمەیش پێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێراقە، كە نە خزمەتگوزاریان تێدایە و نە ئارامی و ئاسایش.

دەیان پرۆژەی دروستكردنی خانوو و بازاڕی گەورە لە ناوچە جیاوازەكانی هەولێر لە بواری جێبەجێكردندان.

ڕاستە لەگەڵ ئەم پێشكەوتنەیشدا هێشتا هەندێك كار و پرۆژە ماوە، كە پێویستە جێبەجێ بكرێن، لەوانەیش هەبوونی نەخۆشخانە و قوتابخانەی پێشكەوتوو، بەڵام ناكرێت ئەم پێشكەوتنە گەورەی كوردستانیش لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەبینرێت.

نزیكەی 50 تاكو 60 كۆمپانیای نێودەوڵەتیی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستاندا خەریكی كاری وەبەرهێنانن و هەفتانەیش شاندێكی پیاوانی خاوەن كار لە وڵاتانی دیكەی وەكو توركیا و ئەڵمانیا و وڵاتانی كەنداوەوە دەگەنە كوردستان.

بێگومان سەردانی ئەم شاندانە و هەبوونی ئەم وەبەرهێنەرە بیانیانەیش وا دەخوازێت، كە ژمارەیەكی زۆر ئوتێل و شوقە لەو هەرێمەدا دروست بكرێن.

دەبێت ئەو ڕاستیەمان لەبیر نەچێت كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە، كە قەیرانێكی ئابوری زۆرینەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە.

سیاسەتی وڵاتانی ناوچەكەیش گۆڕاوە
كۆكبێرن نووسیویەتی: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوویشدا گۆڕانكاریی لە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ لە بەرامبەر هەرێمی كوردستاندا ڕووی داوە.

لە ساڵی 2003دا ویستم سەردانی كوردستان بكەم، بەڵام گەیشتن بەو هەرێمە كارێكی ئاسان نەبوو، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی دراوسێكانی كوردستان، توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران و سووریا و عێراق بوون.

هەر كەسێك بیویستایە بچێتە هەرێم دەبوایە لە ڕێی یەكێك لەم وڵاتانەوە بچوایەتە ناو كوردستانەوە، نەوەك ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ وەكو ئەوەی ئێستا هەیە.

كۆكبێرن دەڵێت زۆر بە زەحمەت لە ڕێی سووریاوە گەیشتمە كوردستان و ماوەی 3 مانگ لە كوردستان مامەوە.

خەڵكی ئومێدەوار بوون ئەمەریكا كۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام بهێنێت، بەڵام ترسی ئەوەیشیان هەبوو سوپای توركیایش لەگەڵ سوپای ئەمەریكا بێتە ناو كوردستانەوە.

هاووڵاتییان هەروەها ترسی ئەوەیشیان هەبوو ڕژێمی سەدام حوسێن چەكی كیمیایی بەكار بهێنێت- ئەو چەكەی ئەو ڕژێمە لە ساڵی 1988 ـدا دژ بە خەڵكی "هەڵەبجە" بەكاری هێنا و بەو هۆیەیشەوە هەزاران كەس شەهید بوون.

چەند ڕۆژێك پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ڕزگاریی عێراقیش شاری هەولێر چۆڵ بوو و دانیشتوانەكەی ڕووی لە گوندەكانی دەوروبەری كرد.

ئەو كەسانەیش، كە مانەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان پەنجەرە و دەرگاكانیان داپۆشی بۆ مەبەستی ڕێگاگرتن لە چوونە ژوورەوەی كیمیایی، ئەگەر هات و لە لایەن سەدامەوە بەكار هێنرا.

رۆڵی گرنگی توركیا لە كوردستاندا
نووسەر دەڵێت: ئەو هەفتانەی پاش ئەم كاتە هاتن پڕبوون لە ڕووداوی جۆراوجۆر.

ڕووداوی وەها كە ئاماژەیان بە داهاتووی گەشی عێراق نەدەكرد.

سەربازانی سوپای ئەمەریكا هەموو كەسیان دەپشكنی و بە هیچ شێوەیەكیش بەلایانەوە گرنگ نەبوو، كە عێراقییەكان چۆن بیر لەم كارەیان دەكەنەوە.

كۆكبێرن نووسیویەتی، ئەم ڕووداوانە ئێستا بوونەتە بەشێك لە مێژوو. كاریگەریی ئەمەریكا لە پاش كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە عێراق كەم بووەوە.

ئێستا كوردەكان ترسیان لە توركیا نییە، بەڵكو ئەنقەرە لە بواری سیاسی و ئابوورییەوە بووەتە پشتیوانێكی گەورەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئارامی و ئاسایشی كوردستان
لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی ڕزگاریی عێراقدا، تەنیا حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سوپای ڕێكخراوی خۆی بوو، كە ئەویش پێشمەرگەی كوردستانە.

سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان توانیی بەشێوەیەكی زیرەكانە سوود لەم سوپا ڕێكخراوەی خۆی وەربگرێت.

هاوپەیمانیەتییەك لە نێوان سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و حكوومەتی ئەمەریكا پێك هێنرا و كوردەكانیش بڕیاریان دا شاری كەركووك لە ڕێی هێزەوە كۆنترۆڵ نەكەن.

10 ساڵ بە سەر پرۆسەی ڕزگاریی عێراقدا تێپەڕیووە و ئێستایش كەركووك لە ژێر كۆنترۆڵی كورددایە، هەرچەندە ئەم كۆنترۆڵكردنەیش حكوومەتی ناوەندیی بێتاقەت كردووە و ئامادە نییە قەبووڵی بكات.

نووسەر لە كۆتایی بابەتەكەیدا نووسیویەتی: كلیلی سەركەوتن و پێشكەوتنی كوردستان ئارامی و ئاسایشیەتی.

حكوومەتی هەرێم لە سەر دابینكردنی ئەم ئارامی و ئاسایشە بەردەوامە.

ئەمە لە كاتێكدایە وڵاتانی دەوروبەری كوردستان لە ژێر فشارێكی گەورەدان.

بۆ نموونە، شەڕی ناوخۆ لە سووریا درێژەی هەیە، شەڕی سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە لە توركیا كۆتایی پێنەهاتووە، توندوتیژی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەردەوامە و سزا ئابوورییەكانی سەر كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش زیانی گەورەیان بە ئابووری و دانیشتوانی ئەو وڵاتە گەیاندووە

هەواڵی پەیوەندیدار