"ئەمەریکا داوا دەکات کورد لە رۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو بێت و دانوستانەکان دەست پێبکەنەوە"

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنەکەسە لە ھەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، ئەمەریکا ڕەتی کردووەتەوە کە ھیچ ھەنگاوێک بێ ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بنێت و، داوا دەکات کورد یەکڕیز بن و دانوستان دەست پێبکاتەوە.
نەواف حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەوەی تەڤدەم بڵاوی کردووەتەوە کە گوایە ئەمەریکا بۆ ھەموو ھەنگاوێک دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە، ئەمە ڕاست نییە و ئەمەریکا ئەوەی ڕەت کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، کە ھەر ھەنگاوێک بنرێت، بێ ئەنەکەسە نابێت، بۆیە ئەمەریکا داوا دەکات کورد لە رۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو بێت و دانوستانەکان دەست پێبکەنەوە، ئێمەش بۆ ئەو کارە مەرجمان ھەیە، چونکە ناکرێت تەڤدەم لە کردەوەکانیان دژی ئێمە بەردەوام بن و دانوستانیش بکرێت".
حەسەن گوتیشی: "تەڤدەم ماوەی چوار ساڵە ١٠بەرپرسی پارتەکانی سەر بە ئەنەکەسەی دەستگیر کردووە و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و ئامادەش نین چارەنووسیان دیاری بکەن، کەسوکاری گیراوانیش ھاتوون بۆ لای ئێمە و داوا دەکەن تەڤدەم چارەنووسی زیندانیان دیاری بکەن، جا بە زیندوویی بێت یان بە مردوویی".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "تەڤدەم و سەرۆکی شاندی ئەوان بۆ دانوستان، بەردەوامن لە دژایەتیکردنی ئێمە، ئەوەش رێگا خۆش ناکات بۆ ئەوەی دانوستانەکان دەست پێبکەنەوە، چونکە ناکرێت دانوستان بەو شێوەیە بەردەوام بێت".
بڵند ئیبراھیم




