قەشەكان بۆ KDPباسی گرنگیی ھاتنی پاپا بۆ ھەرێمی كوردستان دەكەن

ھەولێر-KDP.info- قەشە مەسیحییەكان لە ھەرێمی كوردستان، باس لە گرنگیی سەردانی پاپای فاتیكان بۆ ھەرێمی كوردستان دەكەن و دەڵێن، بە ھۆی ئەوەی ھەرێمی كوردستان بایەخی زۆر بە مەسیحییەكان دەدات و شوێنی پێكەوەژیانە، بۆیە پاپا سەردانی ھەرێم دەكات، كە بێگومان ئەو سەردانە زۆر گرنگە و پاپاش پەیامی ئاشتی و برایەتیی بۆ ھەموو عێراق و ھەرێمی كوردستان پێیە.
قەشە زیا، قەشەی مەسیحییەكان لە ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ھاتنی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان، بە بایەخ لە قەڵەم دەدرێت، كە رووداوێكی ئاسایی نییە و تا ئێستا رووی نەداوە سەردانی شوێنێكی وەكو عێراق بكات، بە تایبەت كە عێراق ئێستا بە دۆخێكی ناھەمواردا تێپەڕ دەبێت و شەخسێكی وەكو پاپا بە رێگای چوار سەعات بە فڕۆكە بێتە عێراق و ھەرێم، بۆ ئەوەی ئاگاداری خەڵكەكە بێت و بەپەرۆشەوە ھەست بە بەرپرسیارەتی بكات، كە لەو تەمەنەدا و لە تیڤییەكان دیارە چەند ھیلاكە، بەڵام ھەستی كرد عێراق پێویستی بەوە ھەیە یەكێك دەستی یارمەتیی بۆ درێژ بكات لە ڕووی دەروونی و لەیەكنزیككردنەوە، بۆیە ئەمە زۆر گرنگە.
ئەو قەشەیە ڕوونیشی كردەوە، ھاتنی پاپا تەنیا بۆ لای كریستیانەكان نییە و بۆ ھەموو عێراق و ھەرێمی كوردستان بە گشتییە، بە تایبەت ئەوانەی كێشەیان ھەیە و پێویستیان بە یارمەتی ھەیە، بۆیە نامەی پاپا بۆ عێراق و ھەرێم، نامەی ئاشتی و برایەتی و گەشبینییە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھەرێمی كوردستان كەشوھەوایەكی گونجاوی ھەیە و شوێنی پێكەوەژیانە، بۆیە پاپا سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات، چونكە بەشێكی زۆری مەسیحی لە ھەرێمی كوردستانن و بەرپرسانی ھەرێمیش لە ساڵانی ڕابردوودا سەردانی فاتیكانیان كردووە و ئەویش سەردانی ھەرێم دەكات و چاوی بە بەرپرسانی باڵای ھەرێم دەكەوێت.
ئەو هەروەها ئاشكراشی كرد، لە یاریگای فرەنسۆ ھەریری نزیكەی ١٠ھەزار كەسی مەسیحی پێشوازی لە قەداسەتی پاپا دەكەن، كە وتاری تایبەتی دەبێت و دوعا بۆ خەڵك دەكات و لە رێوڕەسمێكی شایستەشدا پێشوازی لێ دەكرێت و بەڕێش دەكرێت و ھەر لەوێش نوێژ دەكات.
لای خۆشیەوە، قەشە ئیشا داوود، قەشەی كەلێسای مارگورگیس لە شۆڕش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ھاتنی پاپا فرانسیس بۆ ھەموو عێراق و ھەرێمی كوردستان بە گشتی زۆر گرنگە و یەكێك لەو خاڵەی كە سەردانی دیرۆكیی پاپایە، سەردانی عێراق و ھەرێم دەكات و سەردانی ھەندێك شوێنی سەرنجڕاكێش دەكات، كە بەغدا و نەجەف و ناسریە و ئور و ھەولێر و مووسڵ زیاتر دیرۆكیان ھەیە، خاڵێكی دیكەی سەردانەكەش، بۆ پێكەوەژیان زۆر گرنگە و ھاتنی ئەو بۆ ئەوەیە پێمان بڵێت ھەموومان براین و پێویستە بە ئاشتیانە بژین، كە دوای گەڕانەوەشی، پەیامی مرۆڤایەتی دەگەیەنێتە ھەندێك كەسایەتیی سیاسی.
ئەو قەشەیە گوتیشی، قەداسەتی پایا تەحەددای ھەموو شتێكی كرد كە كۆرۆنایە و خۆشی بەتەمەنە و دۆخی ئەمنیی عێراق سەقامگیر نییە و رای ھەندێك كەسی ئایینی وڵاتیش ئەوە بوو كە سەردانی عێراق نەكات، چونكە دۆخی عێراق لەبار نیە، بەڵام ئەو خۆی خۆبەش كرد لە پێناو مەسیحییەكان سەردانەكەی كرد، هەروەها سەردانی ھەرێمی كوردستانیش دەكات، لەبەر ئەوەی ھەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە.
دەشڵێ، ھەرێمی كوردستان زۆر یارمەتیی مەسیحییەكانی داوە و ھاوكاریی كریستیانەكانی كردووە، كە ھەرێمی كوردستان شوێنی ھەموو پێكھاتەكانە ، بۆیە پاپا بە گرنگی زانی لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق، سەردانی ھەرێمی كوردستانیش بكات.
بڵند ئیبراھیم




