٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

قەیرانی سووریا پرستیژ و ئیعتیباری تورکیای کەم دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر" حەسەن جەلال گۆزەل
سەرچاوە. سەباح
تەقینەوەکەی ناوچەی جلوەگۆز لە سەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا لە حەفتەی رابردوودا کاردانەوەیەکی یەکجار گرنگی لە سەرئاستی ناوخۆیی و جیهانی هەبوو. وەکو هەر بوارێکی دیکە لە سیاسەتی دەرەوەیشدا سەبر کردن شتێکی زۆر گرنگە بەڵام ئەگەر بێتو لە پێناو سەبر کردندا ئەو دەرفەت و شانسانەی کە هەڵدەکەون لە دەستیان بدەی ئەوا ئەنجامی سەبر کردنەکەت تەنیا و تەنیا زەرەر و زیانە. بەداخەوە لە بەرامبەر قەیرانی سووریادا تورکیا کەوتووتە نێو پۆزسیۆنێکی بەمجۆرە و رۆژ لە دوای رۆژ زەرەر دەکات.
بیر لەوە بکەینەوە کە لە وڵاتێک کە دەراوسێمانە و نزیکەی 900 کیلومترە سنووری هاوبەشمان هەیە و زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانیشی یا برای ئاینی ئێمە یا برای ئەتنیکی ئێمەن، دیکتاتورێک و چەتەکانی رۆژانە بە سەدان برای مسڵمان و ئەتنیکی ئێمە دەکوژن و هەر هەمووی و ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییانی خۆی پێشەل دەکات، بە سەدان کەس بریندار دەکات و بە ملیونان کەسیش ئاوارە دەکات و چەندەها کەسی دیکەیش دەخاتە نێو گرتووخانەکانەوە بەڵام ئێمە وەکو تورکیای دەراوسێ زیاتر لە دوو ساڵە بە تەنیا سەیری ئەو بارودۆخە دەکەین و هیچ شتێکیش ناتوانن بکەین.
راستە کە تورکیا وەکو وڵاتێکی دەراوسێ ژمارەیەکی یەکجار زۆر پەنابەری گرتە خۆ، هاوکاری جۆراوجۆری پێشکەش کرد و ئوپوزسیۆنی سووریای لە نێو سنوورەکانی خۆیدا ئورگانیزە و چەکدار کرد بەڵام، شتی گرنگ حەساسییەتە مرۆییەکانن و لەم بوارەیشدا تورکیا تا رادەیەک توانیویەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
راستییەک هەیە کە تورکیا لە رووی سیاسەتی دەرەکی خۆیەوە هیچ ئەم راستییە رەچاو ناکات و ئەوەیش پاراستنی مەسەلە و بەرەژوەندییە نەتەوەییەکانی تورکیایە. مومکێنە تورکیا بۆ ئەم مەبەستە رووبەرووی چەندین ئاستەنگ ببووبێتەوە، شتێک کە من دەزانم بەهێز بوونی پەکەکە وپەیەدە لە سووریا، ئەگەری پارچە بوونی سووریا و گوشارە نێو نەتەوەییەکان بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە تورکیا سەبارەت بە قەیرانی سووریا نەتوانێت بەرەژوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بپارێزت و لە دوورەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی سووریا دەکات و ئەمەیش بووەتە هۆکاری شکاندن و لاواز کردنی پرستیژ و ئیعتیباری دەرەکی تورکیا لە ناوچەکەدا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سووریادا وڵاتانی خۆرئاوایی بە تایبەتی ئەمریکا پشتگیری یەکجار زۆری لە سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر رژیمی بەشار ئەسددا دەکرد و ئەمریکا پێ وابوو کە ئەمرۆ یا سبێ تورکیا هێرش دەکاتە سەر شام و تاج و تەختی ئەسەد لە ناو دەبات. بەڵام تورکیا نەتەنیا نەیتوانی هێرش بکات بەڵکو ئەو کەسانەی کە بۆ گۆڕینی سووریا تورکیا پشتی خۆی پێیان بەستبوو، نەیانتوانین ببن فاکتەرێکی سەرەکە بۆ گۆڕینی دەسەڵات و رژیمی سووریا. تورکیا و بەرپرسانی تورکیا لە بەرامبەر ئەسەد و رژیمەکەیدا قسەی زۆر گەورەیان کرد و بەڵێنی زۆر گەورەیان بە خەڵکی سووریا و بە کۆمەڵگەی جیهانی دا، بەڵام تا ئەمرۆ نەیانتوانی یەکێک لەم بەڵێنانە جێبەجێ بکەن، هەر بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ سەرەتا لە نێو جیهانی عەرەبدا و دواتر لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا ئیعتیباری تورکیا کەم بوویەوە و تورکیا کەوتە نێو حاڵەتێکی شەرم کردنەوە.
تورکیا هەر زوو زانی بوو کە لە سووریا ناتوانێت نە رەوتی گۆڕانکارییەکان بگۆڕێت نە وەکو وڵاتێک ببێتە فاکتەرێکی سەرەکە بۆ گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە، هەر بۆیە تورکیا لە بەرامبەر بارودۆخ و قەیرانی سووریادا وەکو تەماشەگەرێک مایەوە. ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە بەرامبەر روودا و پێشهاتەکانی ناوچەکەدا سەرکەوتوو نەبووە.
بۆ ئەوەی کە تورکیا ئەم لاوازییەی خۆی بشارێتەوە و بۆ رای گشتی وا پیشان بدات کە هێشتاکە خاوەن هەڵوێستی توند و جدییە لە بەرامبەر ئەسەد و دەسەڵاتەکەی، دەستی بە راهێنان و هاوکاری کردنی چەندین هۆز و گرووپی چەکدار کردووە و هانی ئەم گرووپانە دەدات تا شەڕی کوردەکان بکەن و دەرفەت بە کورد نەدەن کە ببنە هێز و کیانێک بۆ خۆیان بە دەستەوە بهێنن. راستییەکە ئەوەیە کە رەنگە تورکیا بە ئەنقەست شەڕی کورد نەکات بەڵام بۆ شاردنەوەی ئیفلاس کردنی سیاسەتی دەرەکی خۆی ناچارە شتێکی بەمجۆرە بکات.
ئەو شتەی کە من زۆر پیًَ نیگەرانم و منی تووڕە کردووە ئەوەیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا تورکیا و سیاسەتی دەرەکی تورکیا بە هۆی پرسپەکتیف و رێنموونییە هەڵەکانی سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بوونەتە هۆکاری شکاندنی ئیعتیباری تورکیا. رووسیا، ئێران، چین و چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی نەتەنیا هیچ جۆرە حیسابێک بۆ تورکیا ناکەن بگرە گاڵتە بە تورکیا دەکەن. ئەمەیش ئەنجامی ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەکی تورکیا بە هەڵە پەیڕەو دەکرێت و بە هەڵە بەرێوە دەبرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار