وەزارەتی دەرەوە بۆ KDP: چەندین لیژنە بۆ پێشوازیكردن لە قەداسەتی پاپا پێك هێنراون

بەغدا- KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ، عێراق بۆ پێشوازیكردن لە پاپا فرەنسیس، پاپای ڤاتیكان ئامادەیە و چەندین لیژنەی مەعنەوی و هەماهەنگیش بۆ ئەو مەبەستە پێك هێنراون.
د. ئەحمەد سەحاف، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئامادەكارییەكان لە ڕووی ڕێكخستنەوە كراون و چەندین لیژنەی مەعنەوی و هەماهەنگی و رێكخستن و چاودێری بۆ پێشوازیكردن لە قەداسەتی پاپای ڤاتیكان پێك هێنراون".
سەحاف ئاماژەشی دا: "ئەم سەردانەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق، سەردانێكی مێژووییە و چەندین بەرنامەی جۆراوجۆری دەبێت، لەوانە سەردانی ناسریە و نەجەف، هەروەها سەردانیكردنی سیستانی، جگە لەمانەش، لە بەغدا سەردانی كەنیسەی ماریوسف و چەند كەنیسەیەكی تر دەكات، هەروەها دەچێتە ناحیەی قەرەقوش لە مووسڵ و دواتریش دەچێتە هەولێر بۆ یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریری".
ناوبراو دەشڵێ، لە ڕووی میدیاییشەوە، ڕاگەیاندنەكانی چەندین وڵاتی جیهان ئامادە دەبن و، هەموو ئاسانكارییەكیشیان بۆ كراوە.
كاروان باعەدری




