٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ چارەنووسی ئۆتۆمبێله‌ تۆمار نەكراوه‌كان دیاری ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەكی بەرچاوی ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی ھاتوچۆی ھەرێمیش دەڵێ، وەزارەتی ناوخۆ بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدات.

عەمید ئەسعەد كەریم، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ژمارەیەكی بەرچاوی ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و سەرەتا ھاتوونەتە نێو ھەرێمی كوردستان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆ زانیاری لەبارەی ژمارەیانەوە نییە، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٧ حكوومەت بڕیاری دا ئەوانەی كێشەیان تێدا نییە تۆمار بكرێن لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆ و ژمارەیەكی زۆریش ئەوكات تۆمار كران".

گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم دەشڵێت: "لە ئێستادا ئەگەر بڕیارێك بدرێت، ئەوە لەوانەیە ھێشتا ژمارەیان زیاد بكرێت، بەداخەوە زۆر جار ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە بۆ ئەنجامدانی تاوان بەكار دێن و ھاتوچۆش ناتوانێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات، چونكە تۆمار نەكراون".

عەمید ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وەزارەتی ناوخۆ لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێلانە بدات كە تۆمار نەكراون لە ھاتوچۆ، بەڵام ھێشتا دیار نییە ناوەڕۆكی بڕیارەكە چی دەبێت، وەلێ چارەسەریان بۆ دەبیننەوە و نابێت ھەروا ھاتوچۆ بكەن بە بێ تۆماركردن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار