٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەركردەیەكی سوننە: چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا، نیازپاكیی كورد نیشان دەدات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەركردەیەكی سوننە و ئەندامی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراقی رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە چوونی بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بە مەبەستی رێككەوتن لەسەر كێشەكان، نیشاندانی نیازپاكیی حكوومەتی ھەرێمە، كە ئامادەی رێككەوتنە و پێویستە حكوومەتی عێراقیش بە ھەمان شێوە بێت.

دكتۆر عەلا مەككی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، چوونی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، گرنگیی زۆری ھەیە و نیشانەی نیازپاكیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لە رێگەی گفتوگۆ و دەستووری عێراقەوە، چونكە چەندین مەلەف ھەن پێویستیان بە رێككەوتن ھەیە، بۆیە گرنگە ھەردوو لا لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكانیان چارە بكەن.

مەككی گوتیشی، ئەمە فرسەتێكی باشە بۆ حكوومەتی عێراق، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەوشێوەیە ھاتووەتە پێش و پێویستە ئەوانیش ھاوشێوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەی گفتوگۆ و رێككەوتن بن، چونكە حكوومەتی عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە و ئەوەش پێویستی بە ئارامی و پەیوەندیی باشی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە نیازێكی پاك و بۆ رێككەوتن چووەتە بەغدا و پێویستە حكوومەتی عێراقیش ئەوە بقۆزێتەوە و لەسەر ھەموو ئەو مەلەفانەی ھەن یەكە بە یەكەیان گفتوگۆی بكەن و رێككەوتنیان لەبارەوە بكرێت، چونكە گەیشتنە رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا، لە بەرژەوەندیی ھەردوو لادایە.

 

بڵند ئیبراھیم   

 

هەواڵی پەیوەندیدار