بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە: هێزێكی یەپەگە لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە هێرشی كردۆتە سەر پێشمەرگە

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە هێزێكی سەر بە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان داوە.
سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرای كرد، پاش ئەوەی هەشت چەكداری پەكەكە ویستوویانە بە نایاسایی لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بێنە نێو خاكی هەرێمی كوردستان و لە لایەن پێشمەرگەوە ڕێگەیان لێگیراوە، سێ چەكدار گەڕاونەتەوە ڕۆژئاوا و بەشێكیشیان پێداگرییان لە هاتنە نێو هەرێمی كوردستان كردووە، بۆیە پێشمەرگە ڕێگەی پێنەداون.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە پاش ئەم رووداوە، هێزێك كە لە نزیكەی 60 چەكدار پێكهاتوون و سەر بە یەپەگە بوون، لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بە چەكی قورس و مامناوەند هێرشیان كردۆتە سەر هێزێكی پێشمەرگە لە سحێلا و بە نیازبوون زیانێكی گەورە بە پێشمەرگە بگەیەنن، بەڵام هێرشەكەیان شكستی پێهێندراوە و ”بە سەرشۆڕی گەڕانەوە“.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی تویتێكی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)شی دایەوە كە پارتی بە هێرشكردنە سەر پەكەكە تۆمەتبار كردبوو و رای گەیاند: ”مەزڵوم عەبدی و هەڤاڵەكانی لە قسە و بۆچوونی خۆیان ئازاد نین و هەموو لێدوان و ئاراستەكردنەكانیان لە لایەن مامۆستاكانیان لە قەندیلەوە دادەڕێژرێت، ئەگینا خۆیان دەزانن ئەوەی لە ئامێدی و شوێنەكانی دیكەش ڕووی داوە، هەمیشە چەكدارانی پەكەكە هێرشیان كردۆتە سەر خاڵەكانی پێشمەرگە. ئێمە هەموومان ڕێز لە بازگەكان دەگرین و قەبوڵیشمان كردووە پرسیار لە ناسنامەی ئێمە و خەڵكەكەمان بكەن، بەڵام ئەوان حیساب بۆ دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناكەن، ئەوەش زۆردارییەكی گەورەیە و بەردەوام تەحەمولمان كردووە.
سەربەست لەزگین دەڵێت: ”با مەزڵوم عەبدی لەوانە بپرسێت كە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن و چەندان ساڵە لە كەمپەكانی كوردستان دەژین، بەڵام چونكە لەگەڵ بۆچوونی ئەوان و بۆچوونی پەكەكە ناگونجێن، نەك هەر لێیان ناپرسن، بگرە ڕێیان لێ دەگرن و نایەڵن بچنەوە ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە هەر كەسێك وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، ئەوان بە مرۆڤیشی نازانن“.
لە كۆتاییشدا بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە هیوای خواست، جارێكی دیكە پەكەكە و دەستە و گرووپەكانی سەر بە پەكەكە كاری لەم شێوەیە دووبارە نەكەنەوە كە شەوی ڕابردوو ئەنجامیان دا.




