کۆمپانیا ئەمنییەکان بە یاسا ڕێک دەخرێن

هەولێر-PDK.info- لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیای ئەمنی ھەن و سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمپانیا ئەمنییەکان.
شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوو لیوای نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان ھەن و ئەرکیان پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی نەوتە، لیژنەی ناوخۆ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ قسەی کردووە و وەزارەتی ناوخۆ دوای دەرچوونی یاسای چاکسازی کار بۆ ئەوە دەکات ئەرکی پاراستنی کێلگە نەوتییەکان بەو دوو ھێزە بسپێرێت، ڕاستە کۆمپانیای ئەمنییش ھەن لە هەرێمی کوردستان، ئێستا بەشێکی زۆری ئەو ئەرکە لەلایەن کۆمپانیا ئەمنییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەیاسایەکی ئامادە کردووە و پێشکەشی پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمنییەکان ڕێک بخرێنەوە و لە چوارچێوەی یاسا کار بکەن، کە ئێستا ژمارەی کۆمپانیا ئەمنیەکان زۆر زیادی کردووە".
شاخەوان ڕەئوف بەگ دەڵێت: "ڕۆژی پێنجشەممە لیژنەی ناوخۆ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کۆ دەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پرسی ھەردوو لیوای یەک و دووی نەوت و گازە لەگەڵ پرسی کۆمپانیا ئەمنییەکان لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئامادەییی پێشان داوە بۆ ڕێکخستنەوەی ئەرکی ھەردوو لیوای تایبەت بە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و چاکسازی لە کارەکانی کۆمپانیا ئەمنییەکان".
قائید میرۆ




