به‌سام عه‌لی: هێزه ئه‌منییه‌كان باره‌گاكانی ئێمەیان نەپاراست
__2020_12_09_h15m1s57__ER.jpg)
هەڵەبجە-KDP.info- به‌رپرسی لقی پارتی له هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێت، هێزه ئه‌منییه‌كان ئاماده نه‌بوون پارێزگاری له دامه‌زراوه حكوومییەکان و بیناكانی حزبه‌كان و پاراستنی ڕووحی كادیرانمان بكەن، شه‌هید و بریندارمان داوه، لێره‌وه هه‌ر هێرشێكی چه‌كداری به‌بێ وه‌ڵام نابێت، ده‌بێت هه‌مووان هاوكاری دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان بین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه، هێزه ئه‌منییه‌كانیش با ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن.
به‌سام عه‌لی، به‌رپرسی لقی 12ی پارتی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه لیژنەی ناوچه‌كانی خورماڵ و شاره‌زوور و پێنجوێن و شلێر و سه‌یدسادق سووتێندراون، له به‌شێكی زۆری سنووری لقی 12 هێزه ئه‌منییه‌كان هیچ ڕۆڵێكیان نه‌بوو له پارێزگاریكردن له باره‌گاكانمان و كادیرانامان هه‌ربۆیه‌ش له‌و شێوێنانه‌ی كادیرانمان فشاریان له‌سه‌ر بوو گواستمانه‌وه بۆ باره‌گای لق، به‌شێك له باره‌گاكانمان كه سووتان هه‌ڤاڵانمان له باره‌گاكه نه‌بوون له به‌شێكی باره‌گاكانیشمان شه‌هید و بریندارمان داوه".
ئاماژه‌ی به‌وه كرد: "پێنچ كادرمان برینداره و پێشمه‌رگه‌یه‌كی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پێنجوێن له‌لایه‌ن گێره‌شێوێنان به چه‌كی قه‌ناس شه‌هید كراوه، ئه‌مه‌ی ئێسته ڕوو ده‌دات پیلانێكی پێشوه‌خته‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی و له‌ناوبردنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان".
دەشڵێت: "له كاتی سووتاندنی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و بینای حزبه‌كان ده‌زگا ئه‌منییەکان بیانویستایه ده‌یانتوانی دۆخه‌كه كۆنتڕۆڵ بكه‌ن له هه‌رشوێنێك ویستبێتیان توانیویانه دۆخه‌كه كۆنتڕۆڵ بكه‌ن هه‌رشوێنیش نه‌یانویستبێت به‌رگری بكه‌ن كاتێك هێرشبه‌ره‌كان زانیویانه ڕێگرییان لێ ناكرێت ده‌ستییان كردووه به سووتاندنی فه‌رمانگه و باره‌گا حزبییه‌كان".
گوتیشی: "باره‌گای حزبی كادیری بێچه‌كی تێدایه و پارێزگاری له ڕووحیان ده‌كه‌وێته سه‌ر هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش، به‌داخه‌وه به‌شێكی هێزه ئه‌منییه‌كان هیچیان نه‌كردووه بۆ پاراستنی فه‌رمانگه‌كانی حكوومەت و باره‌گای لایه‌نه سیاسییه‌كان".
دوای ئه‌وه‌ی چه‌كمان دژ به‌كار هات شه‌هید و بریندارمان دا، هێرشمان له‌سه‌ره، هه‌رهێرشێكی چه‌كداری بكه‌وێته سه‌ر باره‌گاكانمان به‌بێ وه‌ڵام نابین، به‌پێی یاسا ئاسمانییه‌كان و یاسا زه‌مینییه‌كان كاتێك هێرشت كرایه سه‌ر ده‌بێت پارێزگاری له خۆت بكه‌یت، له هه‌رهێرشێكی چه‌كداری بێوه‌ڵام نابین، داواش له دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین پارێزگاری له باره‌گاکانی حكوومەت و حزبه‌كان بكه‌ن و پاراستنی ڕووحی كادیرانمان له ئه‌ستۆی ئه‌وانه، ئه‌مه له خۆپێشاندان ده‌رچووه، بووه‌ته تاڵانی، ماڵی به‌رپرسانی حكوومه‌ت ده‌سووتێنن، هاووڵاتیان تاڵان ده‌كەن، فه‌وزا دروست كراوه، ده‌بێت هه‌موو حزبه‌كان هاوكاریی هێزه ئه‌منییەکان بین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه، به‌ڵام ده‌شبێت هێزە ئه‌منییەکان به ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵسن".
عه‌زیز ڕه‌سووڵ




