٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان جەختیان له‌ پشتگیریی چاكسازییەكانی حكوومەت كردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێكی تێروتەسەلی رەوانەی پەلەمان كردووە لەبارەی شایستە داراییەكانی ھەرێم و ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا و، ئامادەییشی نیشان داوە ھەرچی پێویست بێت، ڕوونكردنەوە بداتە پەرلەمان.

مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی راپۆرتێكی لەبارەی شایستە داراییەكانی هەرێم و گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا رەوانەی پەرلەمان كردووە و سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش ڕاپۆرتەكەی بۆ لیژنەی دارایی رەوانە كردووە، كە دواتر ھەڵسەگاندن بۆ راپۆرتەكە دەكەن و بڕیاری خۆیانی لەبارەوە دەدەن، ئێمەش وەكو سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ھەرچی پێویست بێت، دەیكەین".

قەھوەچی گوتیشی: "حكوومەت ھەرچی پێویست بێت ئامادەیە بیكات بۆ باشتركردنی دۆخی دارایی و ژیانی ھاووڵاتیان و، ئەگەر پێویست بكات شاندیش رەوانەی پەرلەمان دەكات بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتر، چونكە لە راپۆرتەكەدا بە تێروتەسەلی باسی ھەموو پرسەكان كراوە".

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەش كرد: "ئەگەر لیژنەی دارایی بە پێویستی زانی شاندی دانوستانكار بێتە ناو پەرلەمان، ئامادەین و ئەگەر بۆ ناو فراكسیۆنەكانیش بێت ھەر ئامادەین بۆ راوێژكردن و بۆ دانیشتنیش ئامادەین بانگھشتیان بكەین و حكوومەتیش ھەماھەنگێكی باشە لەگەڵ پەرلەمان، بۆیە حكوومەتی هەرێم ھەرچی پێویستە دەیكات بۆ پێدانی ڕوونكردنەوە لەبارەی ئەنجامی شاندی دانوستانكار لەگەڵ بەغدا و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان".

ئەمەش لە كاتێكدایە، ھەر دوێنێ ھەرسێ لایەنی سەرەكیی بەشدار لە حكوومەت، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا، جەختیان لەوە كردووە كە پشتگیریی چاكسازییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە داھات و خەرجیی ھەرێم و گرتنەبەری ھەموو ھەنگاوێكی پێویست دەكەن بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و وەڵامدانەوەی داوا رەواكانیان.

مونا قەھوەچی لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمەش پشتگیری لە چاكسازییەكانی حكوومەت و دابینكردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران دەكەین و ھەماھەنگی باش لە نێوانمان ھەیە و ھاوكاریش دەبین بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ھەیە تێیپەڕێنین، چونكە بڕیارە شاندێكی دیكەی حكوومەتیش سەردانی بەغدا بكات و ئەگەر پێویست بكات ئەوكات لەبارەی ئەنجامەكانەوە میوانداریی شاندی ھەرێم دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار