٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بەریتانی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بەریتانی کرد کە پێکهاتبوو لە جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەولەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا ، جەیمس هیپی وەزیری هێزە چەکدارەکان  و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق .


لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا. شاندی بەریتانی ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی بەریتانیا بە ڕێز و ستایشەوە دەڕواننە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، ئامادەیی وڵاتەکەشیان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی بەریتانیا لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستاندا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی بەریتانیا ، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور جێبەجێ کردووە ،بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵیش  ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار