٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

حكوومەتی به‌غدا حەوت ساڵە بودجەی پێشمەرگە نادات

سەرچاوە: KDP.info


ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی کوردستان .
ڕاپۆرت: هێمن بابان ڕەحیم
لیستە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دانی بودجەی پێشمەرگە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بە هەرێم بە یەكێك لە مەرجەكانی دەنگدان بە پڕۆژەبودجەی ساڵی 2013ـی عێراق دیاری دەكەن.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمیش دەڵێت بودجەی پێشمەرگە كە لە ساڵی 2007ـەوە نەدراوە تاوەكو 2013 بریتییە لە حەوت تریلیۆن و 696 ملیار و 478 ملیۆن دینار كە حكوومەتی عێراق قەرزداری پێشمەرگەیە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی قاسم محەممەد لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند كە بودجەی پێشمەرگە یەكێكە لەو مەرجانەی لیستە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەكو پێشمەرج بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەبودجەی ساڵی 2013ـی عێراق. ئەو دەڵێت "ئیئتیلافی لیستە كوردستانییەكان بە لیستی گۆڕانیشەوە هاودەنگین لەسەر ئەوەی دەبێت بودجەی پێشمەرگە بە دیاریكراوی و بە روونی بخرێتە نێو پڕۆژەبودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2013 نەك هەر بە پێشینە بێت وەكو باس كراوە، ئەگەر نا دەنگ بە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2013 نادەین."

ئەو زیاتریش روونی كردەوە "دەبێت حكوومەتی عێراق لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رێك بكەون مەسەلەی پێشمەرگە لە پڕۆژەبودجەی ساڵی 2013 چارەسەر بكەن و دەبێت حكوومەتی عێراقی پێشمەرگە بە بەشێك لە سیستەمی بەرگری تەماشا بكات و جگە لە بودجەكەی دەبێت پێشمەرگە لە تەجهیزات و گرێبەستەكانی كڕینی چەكیش پشكی بەربكەوێت."

بەپێی بڕگەی پێنجەمی ماددەی 13 لە پڕۆژەیاسای بوجەی گشتیی ساڵی 2013ـی عێراق، بە گوێرەی رێككەوتنی هەردوو سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران عێراق و هەرێم موستەحەقاتی هێزی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە) لە مووچە و چەك و راهێنان و پێداویستییەكانی تر كە لە ساڵی 2007ـەوە نەدراوە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە بە شێوەی پێشینە (سلفە) خەرج دەكرێت.

پێشگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی سیناریۆكان
گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق موئەیەد تەییب رایدەگەیەنێت كە بودجەی پێشمەرگە یەكێكە لە دیارترین ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەی لە نێوان هەرێم و ناوەنددا هەیە و "دەبێت رێككەوتنی یەكجارەكیی لەسەر بكرێت و هەموو ساڵێك نەبێتەوە بە گرفت لە بودجەدا."

تەییب لەو لێدوانە تایبەتەیدا بۆ رۆژنامەی هەولێر دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت بودجەی پێشمەرگە بخرێتە ناو بودجەی گشتیی عێراقەوە بۆ ئەوەی هەموو ساڵێك بۆ ساڵی دوای خۆی دوا نەخرێت و راستەوخۆ بدرێت، چونكە ئەوە چەندین ساڵە بودجەی پێشمەرگە لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە دوا دەخرێت و نادرێت، لە كاتێكدا پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق."

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمیش لەمەڕ پڕۆژەبودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2013 سەرەڕای ئەو باسكرنەی بودجەی پێشمەرگە لە پڕۆژەبودجەی عێراق بۆ ساڵی 2013، بەڵام "هیچی لێ جێبەجێ نەكراوە و پشكی هەرێم لەو بودجەیە لە ساڵی 2007ـەوە تاوەكو 2013 بریتییە لە حەوت تریلیۆن و 696 ملیار و 478 ملیۆن دینار و حكوومەتی عێراق قەرزاری پێشمەرگەیە."

كورد یەكدەنگە
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی گۆڕان لەتیف شێخ مستەفا لە لێدوانێكدا گوتی كە لیستەكەی لەگەڵ سەرجەم لیستە كوردییەكانی تر هاودەنگە بۆ دابینكردن و دیاریكردنی بودجەی پێشمەرگە. ئەو دەڵێ "ئێمە وەكو كورد لە بەغدا یەكدەنگ دەبین بە تایبەت لەسەر بودجە، چونكە ئەوە قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانە و ئێمە داكۆكیی لێ دەكەین. دەبێت حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە دابینكردنی بودجەی پێشمەرگە."

لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم جەعفەر شێخ مستەفا لە 3/2/2011ـدا رایگەیاند كە هێزی پێشمەرگە زیاتر لە 200 هەزار كەس دەبێت و "حكوومەتی عێراقیش دەیەوێت تەنیا 70 هەزار بێت." بەپێی سایتی ویكیپیدیا ژمارەی هێزە چەكدارەكانی عێراق 820 هەزار و 600 كەسە.

بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە هەڵگورد مەلا حیكمەت لە لێدوانێكدا بۆ هەولێر گوتی كە بەپێی یاسا و دەستووری عێراق هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بەڵام "بە كردەیی ئەمە نابینرێت." ئەو گوتیشی "حكوومەتی عێراق پابەند نییە بەوەی كێشەی پێشمەرگە چارەسەر بكات."

لەمەڕ ئەو پێشینەیەیش كە چەند ساڵێكە لە بودجەی گشتیی عێراق دیاری دەكرێت گوتی "حكوومەتی عێراق چەندین تیرلیۆن دینار قەرزداری پێشمەرگەیە و ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە هیچ پێشینەیەكمان لە وەزارەتی بەرگری و حكوومەتی عێراق وەرنەگرتووە و تەنیا پێشینە لە حكوومەتی هەرێم وەردەگرین."

هەواڵی پەیوەندیدار