عارف تەیفور،جێگرى سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ خەبات

دیمانە:فابیان عەون
وەرگێرانى لە عەرەبییەوە:هەندرێن شێرزاد- روزنامه ى خه بات
* بۆچوونی هاوپەیمانیی كوردستانی چییە دەربارەی رووداو و خۆپیشاندانە هەنووكەییەكانی ئەنبار و داواكاریی خۆپیشاندەران؟
ــ هاوپەیمانیی كوردستانی رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە بونیادنانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، ئەو پرۆسەیەی پشت بە دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات ، لە رێگەی سندووقەكانی دەنگدان ، دەبەستێ . تا ئەمڕۆش بایەخ بە هەموو خواستەكانی میللەت دەدات و لە شەقامی عێراقیش زۆر نزیكە ،ئەمەش لەو روانگەیەوەیە كە باوەڕی بە مافی هاووڵاتی هەیە لە دەربڕینی بیروڕاكانی ،وەك چۆن لە مادەی 38 / یەكەم و سێیەمی دەستووردا هاتووە .لێرەوە خۆپیشاندانی ئاشتییانە یەكێكە لە مافەكانی هاوڵاتی لە عێراقی دیموكراسی نوێدا .شتێك هەیە نابێ لەیادی بكەین، ئەویش ئەوەیە كە كورد هەمیشە لەپێناوی ئازادیی و كەرامەتی مرۆڤ و مافی ژیانی ئاشتییانە خەباتی كردووە، بە پشتبەستن بەو بنەمایە، هاوپەیمانیی كوردستانی پێی وایە گەلانی عیراق مافی خۆیانە ناڕەزایی بەرامبەر بەو ستەمە دەرببڕن كە هەست دەكەن بەرامبەریان كراوە .ئەو خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەش كە ئەمڕۆ لە چەند پارێزگایەكی وەك ئەنبار و سەلاحەدین و موسڵ لە ئارادان ، دەرەنجامی ئاسایی پشتگوێخستن و شكستخواردنی حكوومەتی ئێستای عێراقن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بۆ هاووڵاتیان ، ئەمە وێڕای هەستكردنی پێكهاتەی عەرەبی سوننە بە پشتگوێخستن و دوورخستنەوەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی نێو حكوومەت، دەربارەی ئاستی رەوایی ئەو داواكارییانەش كە خۆپیشاندەران خستوویانەتە روو ، پێمان وایە زۆربەی ئەو داواكاریانە رەوان و گونجاویشن لەگەڵ بڕگە و بابەتەكانی دەستوور و یاسا ،سەرەڕای بوونی هەندێك لەو لایەنانەی كە دەخوازن لە رێگەی خستنەرووی هەمان ئەو داواكاریانەی كە بەعسییە شۆڤێنییەكان تەبەنایان دەكەن ، عیراق بگێڕنەوە چوارگۆشەی یەكەم ،ئەوانە لە پێناوی تێپەڕاندنی ئەجیندا نابەجێكانیان هەوڵی قۆزتنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان دەدەن،بەڵام بە شێوەیەكی گشتی و وەك لەمەوبەر باسمان كرد، زۆربەی داواكاریەكان گونجاون لەگەڵ دەستووری عیراق و یاسا كارپێكراوەكان .
* رای بەڕێزتان چییە دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی حكومەتی فیدرال لەگەڵ خۆپیشاندەران؟
ــ پێمان وایە حكومەتی فیدرال بە شێوەیەكی نێگەتیڤانە مامەڵەی لەگەڵ جموجۆڵی جەماوەریدا كردووە ، بە شێوازێك كە گونجاو نییە لەگەڵ خواستەكانی جەماوەر، ئەو جەماوەرەی بەرامبەر بە واقیعی ئەمڕۆی عیراق بێ ئومێد بوون ،بەتایبەتی ئەو كاتەی هەندێك كەس جموجۆڵە جەماوەریەكەیان بە بڵق و بۆگەن و تایەفی لە قەڵەم دا ، هەر ئەمە ئاستی ناڕەزایی و تووڕەیی جەماوەری زیاد كرد و لە بەرامبەردا ئاستی داواكاریی ئەوانیش بە خێرایی بەرزبووەوە، شتێكی لەم جۆرە دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتی فیدراڵ بوو لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ تەنگژەی لەم جۆرە . ئەمە وێڕای خراپی دەستنیشانكردنی كەسانی گفتوگۆكەر لەگەڵ خۆپیشاندەران لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لە سەروویانەوە حوسێن شەهرستانیی جێگری سەرۆك وەزیران ، كە نەیتوانی وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ توڕەیی خۆپیشاندەراندا بكات ، هەروەها هەندێك لە سەركردە نزیكەكانی سەرۆك وەزیران . ئەمانە كەوتنە گفتوگۆكردن لەگەڵ كەسانێكدا كە دوور و نزیك نوێنەری خۆپیشاندەران نەبوون.
* گرنگترین كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان كورد و مالیكی چین؟
ــ سەرەتا پێویستە شتێكی گرنگ روون بكرێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە ناكۆكی كەسێتیمان لەگەڵ بەڕێز مالیكیدا نییە، بەڵكو ناكۆكییەكە تایبەتە بە شێوازی مامەڵەكردنی حكومەتەكەی مالیكی لەگەڵ كورد، هەروەها مامەڵە نێگەتیڤەكەی پێشووتری حكومەتی دكتۆر ئیبراهیم جەعفەریش ،پێویستە وەبیر هەموولایەكی بێنینەوە كە لە دوای ئازادكردنی عیراق لە دەستی رژێمی دكتاتۆریی لە 2003 گەلی كورد بە تەواوی خواستی گەل و حكومەتەكەی ، كاركردنی لەناو عیراقێكی ئیتیحادیی فیدرالیدا هەڵبژارد كە لە سایەیدا هەموولایەك یەكسان بن لە ماف و ئەركەكانیاندا ، هەر ئەمەش بووە پاڵنەرێك بۆ دەنگدان لەسەر دەستووری هەمیشەیی عیراق لە ساڵی 2005 كە دواتر بوو بە چوارچێوەیەك بۆ كێشانی وێنەی شێوازی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەنێوان هەردوولا ، ئەمەش داواكارییەك بووە هەمیشە گەلی كورد داوای كردووە كە بە تەواوی جێبەجێ بكرێت . لێرەوە دەكرێ بەم جۆرەی خوارەوە گرنگترین ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند دەستنیشان بكەین ، لە كاتی دامەزراندنی یەكەم حكومەتی ئینتیقالی بە سەرۆكایەتی دكتۆر ئیبراهیم جەعفەرییەوە تا رۆژی ئەمڕۆمان:
یەكەم: مادەی 140
ئەو مادە دەستوورییە یەكێكە لە گرنگترین كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال، ئەمەش چونكە حكومەتی ئیتیحادیی بەشێوەیەكی جدی كاری بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی مادەكە ( ئاسایی كردنەوە و ئامار و راپرسی ) نەكردووە ، بەڵكو هەمیشە سستی نواندووە و لە جێبەجێكردنیشدا مەسەلەكەی بە ئەنقەست دوا خستووە . بابەتی دووەم كە هیچی لە بابەتی یەكەم كەمتر نییە و بریتییە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەوەبوو حكومەتی فیدرال بەبێ هیچ بیانووێك هێزی سەربازیی بەرەو ئەم ناوچانە جولاند و مەسەلەكە نائارامی لێ كەوتەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێم ، بەم هەنگاوە، حكومەتی فیدرال پێشێلی دەستوور و ئەو رێككەوتنانەی كرد كە پێشتر لەگەڵ حكومەتی هەرێم مۆری كردبوون ، ئەمە وێڕای پێكهێنانی سەركردایەتی هەڵمەتەكانی دیجلەی نادەستووری و رەوانەكردنی چەكی قورس بەرەو نزیك سنوورەكانی حكومەتی هەرێم ، بۆ چەند مەبەستێكی سیاسی ، هەروەها گێڕانەوە سەر كاری گەورە ئەفسەرانی بەعس كە یاسای لێپرسینەوە و دادوەریی دەیگرتنەوە و بەشدارییان كردبوو لە پرۆسە بەدناوەكانی ئەنفال و لەناوبردنی گەلانی عیراق لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا.
دووەم : یاسای نەوت و غاز: پێمان وایە ئەم یاسایە زۆر گرنگە و بە شێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندیی گەلانی عیراق و بە شێوەیەكی تایبەت لە بەرژەوەندیی گەلی كورد دایە ،بەو پێیەی سەرچاوە و داهاتی سەرەكی هەموو عیراقە.هەر ئەم یاسایە یەكێكە لە بەرچاوترین دۆسییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵكو بۆ ئێمە یاسای ناوبراو هیچی لە مادەی 140 ی پەیوەست بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كەمتر نییە ، لە ساڵی 2007 ەوە رەشنووسی یاسای نەوت و غاز خراوەتە روو و هەموو كوتلە سیاسییەكانیش لەبارەیەوە رێك كەوتبوون ، بەڵام بەداخەوە تا رۆژی ئەمڕۆمان بەهۆی هەوڵی پەكخستنی بڕیاردان لەبارەیەوە لەبەر چەند ئامانجێكی سیاسی ، نەتوانراوە بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە.دیسان بەداخەوە پێمان وایە كە حكومەتی فیدرال هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێ كاروباری تایبەت بە نەوت بە تەنیا لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بەڕێوە ببرێ ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی دەستوورە و حكومەتی هەرێمی كوردستان رازی نییە بە مەركەزیەتی نابەجێ ، هەروەها ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو دەسكەوت و یاسایانە بێ كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە وەدەستی هێناون و دایڕشتوون ،لەو باوەڕە داین هەنگاوەكانی حكومەتی ئیتیحادی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی كاروباری تایبەت بە نەوت ،پێچەوانەی مادەی 111 ی دەستووری عیراقن ، لەو مادەیەدا هاتووە كە بەڕێوەبردنی كاروباری تایبەت بە نەوت بە شێوەیەكی هاوبەش دەبێ لە نێوان حكومەتی فیدرال و دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاكان .لەلایەكی دیكە ناكۆكی هەیە سەبارەت بەو گرێبەستە نەوتییانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكاندا مۆری كردوون ، ئەو گرێبەستانە بەپێی دەستوورن و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمیش دان كە دەستوور بۆی فەراهەم كردوون ،بۆیە ئێمە دژی هەموو یاسایەكی تایبەت بە نەوت و غازین كە مافی مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان و بەڕێوەبردنی كاروباری نەوت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان مسۆگەر نەكات .لێرەوە هەر یاسایەكی هاوشێوە دابڕێژرێت و ئەو مافانەی تیادا مسۆگەر نەكرابن ، پێیان رازی نابین ، هەروەها سەرمان سوڕماوە لەوەی حكومەتی ئیتیحادی رازی نییە پارەی كۆمپانیا جیهانییەكان بدات كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن ،لە راستیدا ئەمە بەئامانجكردنی راستەوخۆی سەرمایەگوزاریی و گەشەكردنە لە هەرێمی كوردستان .هاوپەیمانی كوردستانی ساڵانێكە بە بەردەوامی هەوڵ دەدات رۆڵی سروشتی خۆی بگێڕێ و ئەركەكانیشی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ بكات ،ئەركەكانی خۆیشی وەك پێویست بەرامبەر بە گەلانی عیراق راپەڕاندووە و هەمیشە و تا ئێستاش كار بۆ هێنانەدی دادوەریی كۆمەڵایەتی دەكات بۆ سەرجەم پێكهاتەكان ، وەك باوەڕهێنانێك بە بنەمای یەكسانی لە كۆمەڵگا ، بە پێچەوانەی هەندێك لەوانەی پێشتر هاوپەیمانی ئێمە بوون و ئەمڕۆپێگەی خۆیان بەهێز كردووە و دەسەڵاتیان كەوتۆتە دەست و لە ئەنجامدا هەموو گرێبەست و رێككەوتننامەكانیان پشتگوێ خستووە و كار بۆ هێنانەدی ئامانجە كەسێتی و بەرتەسكەكانیان دەكەن . لە راستیدا گەلی كورد ئەمڕۆ هیوا و ئومێدیان بە سەرۆك وەزیران نەماوە ، چونكە زمانی زرێپۆش و جولاندنی سوپا بەرەو ناوچە كوردستانییەكان ، لە جیاتی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن،رابردوومان وەبیر دێنێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو كردەوانەمان دێنێتەوە یاد كە رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامی دان ، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدێكمان بە هاوبەشەكانمان ماوە ، كەسایەتییە عاقڵ و ناسراوەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی و هەرگیز جارێكی دیكەش رێگە بە دووبارە گەڕانەوەی دكتاتۆریەت نادەین ، پێویستە حكومەتی فیدرالیش پابەند بێ بەوەی كە بەغدا و هەولێر دەربارەی پێشمەرگە لەسەری رێك كەوتوون ، چونكە پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی و هێزێكی نیزامی ناسراوە كە ئەركی پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانی عیراقی پێ سپێردراوە ، بۆیە پارە و پێداویستی زۆر هەن دەبێ ساڵانە لە بودجەی ئیتیحادی بۆ ئەو هێزانە تەرخان بكرێن ، بەڵام ئەمڕۆ لەناو حكومەتدا كەسانێك هەن بوونەتە شارەزا لە خۆدزینەوە و پشتگوێخستن و بەرهەمهێنانی تەنگژەكان، ئەوانە ئەمڕۆ زۆر نزیكن لە مالیكی.
* چی دەربارەی بارودۆخی عێراقی ئیمڕۆ؟
ــ كەڵەكەبوونی كێشە و تەنگژەكانی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەك ، هەروەها كێشە و تەنگژەكانی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و پارێزگاكان لەلایەكی تر ، عیراقیان گەیاندۆتە بارودۆخێكی هەستیار و مەترسیدار ، ئەوەی بارودۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە ، بڵاوبوونەوەی گەندەڵییە بە دامودەزگاكان و نەبوونی خزمەتگوزاریی و چارەسەرنەكردنی گرفتەكانی شەقام و پشتگوێخستنی هاوڵاتیان و نەبوونی پلان و دید و خواستی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنیان ، ئەمە وێڕای فراوانتربوونی درزی نێوان حكومەت و میللەت ، لە راستیدا ئەمە شتێكە مایەی نیگەرانییە چونكە رۆژ لەدوای رۆژ تووڕەیی میللەت لە زیادبوون دایە ، ئەوانەش كە ئەمڕۆ كاروباری وڵات بەڕێوە دەبەن ، زۆر دوور كەوتوونەتەوە لە ویست و خواستەكانی هاوڵاتیی ئاسایی ، هەر ئەمەشە شەرعییەتی یاسایی لە هەر حكومەت یان دەسەڵاتێك دەستێنێتەوە ،لە كۆتاییدا ، پێم وایە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو گۆڕانكاریی بنەڕەتی بەسەر نەخشەی سیاسیدا دێنن و لەگەڵ خۆیاندا شێوازی رێككەوتن و هاوپەیمانیی نێوان هێز و پارتە كاریگەرەكان دەگۆڕن ، ئەو گۆڕانكاریی و پێشهاتانەش كە لە چوارچێوەی هەرێمی و نێودەوڵەتیی ئێمەدا لە ئارادان ، كاریگەریی راستەوخۆیان هەیە بۆ سەر كاروباری عیراق.




