پڕۆژەی دروستکردنی جووتسایدی چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران ٤٠% تەواو بووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ وەزیری شارەوانی دوو پڕۆژەی رێگاوبان لە سنوری حاجی ئۆمەران بەسەر دەکاتەوە کە بە بڕی٥٣ملیار دینار دروست دەکرێن و لە ئێستادا رێگای جووت سایدی حاجی ئۆمەران بۆ چۆمان کە رێگایەکی ستراتیژییە ٤٠% تەواو بووە و بە گوژمەی ٥٠ملیار دروست دەکرێت.
مەریوان مەلا حەسەن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: "ئێستا بە یاوەری وەزیری شارەوانی دەرۆین بۆ حاجی ئۆمەران کە رێگای قیرتاوکردنی نوژەنکردنەوەی رێگاکە بەسەر دەکەینەوە و ئێستا کاری تێدا دەکرێت، بە بڕی سێ ملیار دینار نوژەن دەکرێتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، جگە لەوەش دروستکردنی رێگای جووت سایدی حاجی ئۆمەران بۆ چۆمان بەسەر دەکەنەوە کە رێگایەکی ستراتیژییە و بە گوژمەی ٥٠ملیار دینار دروست دەکرێت و ئێستا رێژەی دروستکردنی رێگاکە ٤٠% تەواو بووە و بەردەوامیش دەبێت تا تەواو دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




