لە سنووری مێرگەسۆر 200 ناوچەی شوێنەواری تۆمار کراون

مێرگەسۆر- KDP.info - بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی سنووری قەزای مێرگەسۆر دەوڵەمەندە بە بوونی ژمارەیەک ناوچەی شوێنەواری، تا ئێستا بە ڕووپێوی دیاریکراو 200 شوێن وەکو ناوچە شوێنەواری تۆمار کراون، ھەروەھا چەندین شوێنی تریش ماون کە ڕووپێویان بۆ بکرێت و بەفەرمی وەکو ناوچەی شوێنەواری بناسێندرێن.
سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری شوێنەواری مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە چەند شوێنێک کاری لەسەر کراوە بۆ گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری وەکو ئەشکەوتی شانەدەر و زەویی چەمێ، بەردەوامیش کاری گەڕان و پشکین و ھەڵکۆڵینی لەسەر دەکرێت لەلایەن تیمێکی زانکۆی کامبرجی بەریتانیاوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵ گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا کردوون، دواتر گرێبەستەکەیان درێژ کرایەوە بۆ چەند ساڵێکی دیکە، بەڵام کۆرۆنا ڕێگرە لەبەردەم کارەکانمان، لەوانە دروستکردنی مۆزەخانەیەکی مۆدێرن لە ئەوشکەوتی شانەدەر بۆ گرینگدان بە ناوچە شوێنەوارییەکان، کە ساڵانە گەشتیاران سەردانی دەکەن."
ئاماژەی بەوەش دا: "تیمی زانکۆی کامبرخی بەریتانیا ڕووپێوێکی بە درێژاییی 15 کیلۆمەتر بە شێوەیەکی بازنەیی بە دەوری ئەشکەوتی شاندەر کردووە، تاکە شوێنە لەسەر ئاستی کوردستان ڕۆژانە گەشتیاران سەردانی دەکەن، لە داھاتوودا ژمارەیەک پرۆژەی گرینگی گەشتیاری بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان ئەنجام دەدەین، کە ھەموو ڕێکارە ئیدارییەکان ئامادە کراون."
سۆران ئەمیر ئەوەیشی خستە ڕوو: "لە ئایندەیەکی نزیکدا مۆزەخانەیەکی مۆدێرن لە ئەشکەوتی شانەدەر دروست دەکەین، کە ھەموو ئەو کەلوپەل و پێداویستییەشوێنەوارییانەی دەدۆزرێنەوە لە مۆزەخانەکە دادەندرێن."
ناوبراو دەشڵێت: "لەگەڵ باشتربوونی دۆخی تەندروستی و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی کۆرۆنا دەمانەوێت کۆنفراسێکی نیودەوڵەتی لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر و مێژوو و شوناسی دەڤەری بارزان لە ڕووی شوێنەوارییەوە ئەنجام بدەین بە بەشداریی ھەموو پسپۆڕان و شوێنەواناسان و تیمێکی زانکۆی کامبرجی بەریتانیا و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆنفرانسەکە بەڕێوە دەچێت."
سیروان سابیر




