ھاوپەیمانان داوایان کردووە بە زوویی پێشمەرگە و بەرگری عێراق رێککەوتن بکەن

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە وەزارەتی پێسشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بە ئامادەبوونی ھاوپەیمانان بەڕێوە دەچن و بەردەوام ھانی ھەردوولا دەدەن کە بگەنە رێککەوتن، داواشیان کردووە بە زوویی رێککەوتن بکەن.
لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە جارێکی دیکە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دروستکردنی ھەماھەنگی و دانانی بنکەی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان سەردانی بەغدا بکاتەوە، بەڵام ھێشتا رۆژەکە دیاری نەکراوە.
کەمال گوتیشی، تاوەکو ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست نەکرێت و بۆشایی ئەمنی پڕ نەکرێتەوە، ئەو کردەوە تیرۆرستیانە بەو شێوەیە لەلایەن داعشەوە بەرەوام دەبن.
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە، ھێزی عێراقی وەکو پێویست لە ناوچە کوردستانییەکان نییە و بە ئۆپەراسیۆنیش کۆتایی بە داعش نایەت، چونکە کاتێک داعش دەزانێت ئۆپەراسیۆن ھەیە، پێش دوو رۆژ ناوچەکە چۆڵ دەکات تا ئۆپەراسیۆن تەواو دەبێت.
دەشڵێ، ھاوپەیمانان ھەوڵ دەدەن ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لێک نزیک بکەونەوە و خۆشیان لە کۆبوونەوەکان ئامادە دەبن، هەروەها ھانی ھەردوولا دەدەن پەلە بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە بەردەوام ھاندەر و فاکتەرن بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازیدا لە یەک نزیک ببنەوە.
بڵند ئیبراھیم




