٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گفتوگۆکانی ھەرێم و بەغدا ئەرێنین.. کار بۆ جێگیرکرنی بەشەبودجەی ھەرێم دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان ھەردوو شاندی حکوومەتی ھەرێم و بەغدا ئەرێنی بوون و دەشڵێ: "دەمانەوێت کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن و ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی بەشەبودجەی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا جێگیر بکرێت".

زاگرۆس فەتاح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی، ئەرێنی بوون و ھەرێمی کوردستانیش داواکارییەکانی بەپێی دەستوور بووە، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.

فەتاح گوتیشی، ھەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ھەموو خاڵەکان کردووە، کە سەرەکین، بە تایبەت پرسی رادەستکردنی نەوت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا.

زاگرۆس فەتاح، کە ھاوکات بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ڕوونیشی کردەوە، ئامادەکاری بۆ دانانی ستراتیژییەتی بودجەی سێ ساڵی داھاتوو دەکرێت و ھەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی ھەن، چارەسەر بکرێن، تا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی داھاتوودا جێگیر بکرێن.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار