موسلیم بۆ KDP: بڕیارە ھەرێم و بەغدا رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكەن

هەولێر-KDP.info- نزیكەی ساڵێكە ھەرێمی كوردستان و بەغدا لە دانوستاندان بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن و، وەزیرێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، لە رۆژانی داھاتوودا بەرھەمی دانوستانەكان دڵخۆشكەر دەبن و ئەنجامی دەبێت.
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئامادەیی خۆمان نیشان داوە بەرامبەر بە حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی رێككەوتن لە نێوان ھەردوو حكوومەت، تا ئێستاش قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە و بڕیارە رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێت".
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گوتیشی: "بڕیارە شاندی باڵای دانوستانی ھەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بەغدا بۆ تەواوكردنی رێككەوتنەكە و ئەنجامی كۆتایی دانوستانەكان لەسەر ئەو پرسانەی پێشتر لەسەری رێككەوتوون".
موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێشبینی دەكەم دانوستانی نێوانمان دڵخۆشكەر بێت، چونكە پێش چەند رۆژێك مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە ئەمەریكا بە نوێنەرانی ھەرێمی كوردستانی راگەیاندبوو، دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكرێن و بگەنە رێككەوتنی كۆتایی".
قائید میرۆ




