حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتەكانی دەخاتە ڕوو
ڕاپۆرت: سلێمان تاشان
لە دەیەمین ڕۆژی گفتوگۆكانی بودجەدا، دوێنێ حكوومەتی هەرێم داهاتەكانی نەوت، گومرگ و نێوخۆی هەرێمی كوردستانی بە وردی خستە ڕوو.
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان سەعد خالید لە وەڵامی یادداشتەكەی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە داهاتەكانی نەوت ڕوونی كردەوە كە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێک نافرۆشێت جگە لەو بڕە نەوتەی کە دەدرێت بە پاڵاوگەکان بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستیی هاووڵاتیان.
سەعد خالید ئاشكرای كرد كە لەبەر ئەوەی حکوومەتی ناوەندی 17%ـی پشكی هەرێمی لە بەرهەمە نەوتییەکان نەداوە، حکوومەتی هەرێم بە مافی خۆی زانیوە لە ئاستی ناوخۆدا ئەم رێژەیە پڕ بکاتەوە.
بە پێی رێکكەوتننامەی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ كە 13/9/2012 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند کراوە و بووەتە بەشێک لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، هەرێمی کوردستان مافی 17%ـی کۆی ئەو نەوتە خاوەی هەیە كە لە هەموو عێراقدا بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ بەرهەم دەهێندرێت. بەم شێوەیە هەرێم مافی پترۆدۆلاری هەیە بەرانبەر نەوتی هەناردەکراو لە رێگەی حکوومەتی ناوەندەوە.
داهاتی پترودۆلار
کۆی داهاتی پترۆدۆلار بە پشبەستن بەو روونکردنەوانەی حکوومەتی هەرێم لە پڕۆژەیاسای 2013ـدا بە 200 ملیار دینار خەمڵێندراوە. بڕگەی پڕۆژەیاساکەیش دوو بەشە، بەشی یەکەم بریتییە لە 120 ملیار دینار کە موستەحەقاتی پترۆدۆلاری حکوومەتی هەرێمە بۆ ساڵانی 2010، 2011 و 2012 کە تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵ نەیداوە.
بەشی دووەم کە بە 80 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بریتییە لە داهاتی پترۆدۆلار بۆ ساڵی 2013 بە هۆی پابەندنەبوونی حکوومەتی فیدراڵ بە رێکكەوتننامەی ئاماژەپێکراو، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەرپرسیارێتییەكەی وەرگرتووە.
داهاتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی
بە گوتەی سەعد خالید داهاتی خاڵە سنوورییەكان لە ساڵی 2004ـەوە تاکوو 2011 یەک ترلیۆن و 960 ملیار دینار بووە كە سەرجەمیشی رەوانەی گەنجینە کراوتەوە.
بە پێی یاسای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فدراڵ، ڕسووماتی هاتنەژوورەوەی هەر جۆرە کەلوپەلێک لە دەرەوە بۆ ناوەوەی عێراق بریتییە لە 5% و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەر ئەم بڕە وەردەگرێت و داهاتەکەی رەوانەی گەنجینەی گشتیی بەغدا دەکات.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان سەبارەت بە داهاتی بانک، شارەوانی و فڕۆکەخانە و فەرمانگەکانی دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات کە ئەم داهاتە بۆ ساڵی 2013 بە بڕی یەک ترلیۆن و 190 ملیار دینار خەمڵێندراوە و سەرجەمیشی لە لایەن حکوومەتەوە روون کراوەتەوە کە بە چ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
داهاتی نێوخۆ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان لە وەڵامی پرسیاری ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە داهاتی نێوخۆ كە لە یادداشتەكەیاندا هاتووە، دەڵێت "داهاتی نێوخۆ لە ساڵی 2011ـدا بە یەک ترلیۆن و 55 ملیار دینار خەمڵێندرابوو. لە ساڵی 2012ـدا بڕەکەی دوو ترلیۆن و 331 ملیار دینار و ئەمساڵیش بە دوو ترلیۆن و 679 ملیار دینار خەمڵێندراوە ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە کە داهاتی نێوخۆ ساڵ لە دوای ساڵ زیاد بووە."
خەرجیی حاکیمە
بە گوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ بەشی هەرێم لە خەرجییەکانی حاکمە 17%ـە و بە ڕاپۆرتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشکەکەی لە 2005ـەوە تا 2013 دەکاتە 13 ترلیۆن و 301 ملیار دینار کە لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتەکانی عێراق تەرخان کراوە.
بەرنامەی دابینکردنی خۆراک بۆ هاووڵاتیان کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقی فیدراڵەوە جێبەجێ دەکرێت و هیچ تەرخانکراوێکی نەختی نایەتە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە. دووەم تەرخانکردنی پارە بۆ کڕینی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فدراڵ و لەمەیش هیچ بڕە پارەیەک نایەتە هەرێم.
سێیەم بە هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کۆی گشتیی ئەم پارەیەی کە بۆ هەر دوو ساڵی 2011 و 2012 گەییشتووەتە هەرێم، بە گوتەی سەعد خالید دەکاتە 606 ملیار و 560 ملیۆن دینار و چۆنیەتیی خەرجکردنیشی لە حساباتی کۆتایی 2012 بە روونی دیاری کراوە.




