ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەكی بۆ دیاریكردنی دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكان پێك ھێنا

هەولێر-KDP.info- لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، لیژنەیەكی باڵا بۆ دیاریكردنی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندنی ئەمساڵ لە زانكۆ و پەیمانگاكان پێك ھێنراوە و، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، ژمارەیەك پێشنیاز ئامادە كراون بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت.
د. گەلاوێژ عوبێد، بریاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ساڵی نوێی خوێندن نزیك دەبینەوە و ھێشتا ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە، لەبەر ئەوەش رەوشەكە وا دەخوازێت رێو شوێنی تایبەت بگرینە بەر بۆ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، ھەروەھا لە كەرتی پەروەردەش".
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا گوتیشی: "لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە لیژنەیەكی باڵا پێك ھاتووە و ھەریەك لە وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران تێیدا ئەندامنو ژمارەیەك پێشنیاز ئامادە كراون بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت، كە چۆن و كەی دەست بە پڕۆسەی خوێندن دەكرێت، بە تایبەتی لە هەفتەی داھاتوو مانگی ئەیلوولە و ساڵی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكان دەست پێدەكات، لەبەر ئەوەش دوای بەرچاوڕوونی بۆ رەوشی ئێستا، لیژنەكە بڕیاری خۆی دەدات".
قائید میرۆ




