"داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە"

ھەولێر-KDP. info- جارێکی دیکە داعش بە سوودوەررگرتن لە بۆشاییی ئەمنی، دەستی بە کردەوەکانی کردووەتەوە و لە خانەقین و داقووق دوو کردەوەی ئەنجام داوە، چوار پۆلیسی کوشتووە و چواریشی بریندار کردووە و سێ ھاووڵاتیشی ڕفاندووە.
کەمال ئیبراھیم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەتەپەی سەر بە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داعش لە سنووری خانەقین لە گوندی سەفسافەی سەر بە قەرەتەپە ھێرشی کردووەتە سەر گوندەکە و سێ ھاووڵاتیی ڕفاندووە و یەکێکیشی بریندار کردووە."
گوتیشی: "داعش بەھۆی بۆشاییی ئەمنییەوە بە ئارەزووی خۆی ھاتوچۆ دەکات و خەڵک لە ترسی داعش شەوانە پاسەوانی لە خۆیان دەگرن و زۆرینەی گوندەکانی کورد چۆڵ کراون و ھێزە عێراقییەکانیش توانای پاراستنی ناوچەکەیان نییە."
ھیوا ڕەشید، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە داقووق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داعش لە سنووری داقووق لە گوندی عەرەب کۆیی ھێرشی کردووەتە سەر پۆلیسی ناوچەکە و چوار پۆلیسی کوشتووە و سێی دیکەیشی بریندار کردووە."
گوتیشی: "داعش جارێکی دیکە دەستی بە کردەوە تیروریستییەکانی کردووە، چونکە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە ناوچەکە ھەیە و کەس نییە ڕێگرییان لێ بکات و کاتێکیش ھاتوون خەڵکی ناوچەکە بینیویانە و بە ئارەزووی خۆیان ھاتوچۆ دەکەن."
عەمید ئیدریس ڕفعەت، بەڕێوبەری ئاسایشی کەرکووکیش دەڵێت: "داعش لە قەزا و ناحییەکان هەن و توانیویانە خۆیان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنن و چالاکیی خۆیان دەکەن."
بەڕێوبەری ئاسایشی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "لەنێو شاریش شانە نووستووەکان هەن و کاری تیرۆریستی دەکەن، پیش دوو ڕۆژ بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە لە گەڕەکی قادسیە و لە ناوچەی کاکەییەکان چالاکی دەکەن و خۆیان ڕێک خستووەتەوە."
"ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عەرەبیکی زۆریان هیناوەتە کەرکووک و ئەمەش بووەتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ ڕێکخستنەوەی داعش." ڕفعەت وای گوت.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەییی پێشمەرگەی شنگالیش دەڵێت: "داعش لە سنووری سووریا و عێراق بە ئازادانە هاتوچۆ دەکات و هەر ئەوێش خاڵی خۆڕێکخستنەوەیانە.''
شەشۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێستا داعش بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر شنگالیش و دوای هاتنی عەرەب بۆ باشووری شارەکە مەترسی کەوتووتە دڵی شنگالییەکانەوە."
بڵند ئیبراھیم- کاروان باعەدری




