٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژبەیانی: باوەڕم وایە ھەرێم و بەغدا لە ئایندەیەكی نزیكدا دەگەنە رێككەوتن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان بگەنە رێككەوتن و سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، رێككەوتنە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكرێت و یەكێك لە خاڵەكانیش ئەوەیە، خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان ناوچەكانیان بپارێزن.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان پێشتر راپۆرتێكی ئامادە كردبوو و رادەستی وەزیرە پەیوەندیدارەكان كراوە، ئەوانیش راپۆرتێكیان لە چوارچێوەی راپۆرتەكەی ئێمە ئامادە كردووە و دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەرێمی كوردستانیش دەخوازێ ھەموو كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن و، باوەڕم وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەگەنە رێككەوتن".

پەیوەست بە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دەڵێت: "نازانین وردەكارییەكە چی دەبێت لەسەر رێككەوتنەكە، بەڵام خاڵی زۆر باشی تێدایە، لەوانەش یەكێك لە خاڵەكان جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، كە پێكھاتەكانی ئەو ناوچانە خۆیان بەرگری لە خۆیان بكەن".

جوان رۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان، جگە لەوەی سنوورێك بۆ ئەو ھەموو تەعریب و داگیركارییەی ئێستا ھەیە دادەنێت، ھاوكات كاریگەری لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتوو و پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانیش دەبێت، چونكە ئەگەر رەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی نەكرێتەوە، زیانی زۆر بە دەنگی كورد دەگەیەنێ لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، ھەروەھا عەرەبە ھاوردەكان ئەوانەی پێشتر سوودمەند بوونە لە قەرەبووی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و كوردیش ئەو مافەی لێی زەوت كراوە، وەریدەگرێتەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار