٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەسام عەلی: هەمیشە عاملی خێر بووین.. لەچوار لاوە هێرشیان کردە سەر بارەگاکەمان

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- ‌شەوی رابردوو تەقە لە بارەگای لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە کرا. بەرپرسی لقی 12ـی پارتیش دەڵێ، ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامدا، خۆپیشاندەر نەبوون، بەڵکو چەکداربوون و لەچوار لاوە هێرشیان کردە سەر بارەگاکەمان".

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-8-2020) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی هەڵەبجە و تەقەکردن لە بارەگای پارتی لەو شارە، روونکردنەوەی دا.

بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دەڵێ، "ئەوەی جێگەی سەرنجە لەلای ئێمە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، دوێنێ ئێمە تاکە لایەنی سیاسی بووین لە شاری هەڵەبجە هێرشمان کرایە سەر. هێرش نەکرایە سەر هیچ لایەنێکی دیکە، لەکاتێکدا ئێمە ئەو بارەگایەین بەردەوام دەنگی هاووڵاتییانی ئەو سنوورەمان گەیاندووەتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەمیشە عاملی خێر بووین".

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی لەدەستدا نییە، بەسام عەلی دەڵێ، "هیچ هەڤاڵێکی ئێمە، ئێرە بەڕێوەنابەن و بەرپرس نین لە کوموکوڕییەکانی ئەو شارە، بۆیە بەلای ئێمەوە جێگەی سەرنج بوو، کە بۆچی هێرشەکان تەنیا بۆ سەر بارەگای لقی 12ـی پارتی بوون!".

بەسام عەلی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا چۆنییەتی تەقەکردن لە بارەگاکەی پارتی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، "لە سەرەتای هێرشەکەدا من سەرجەم هەڤاڵانی لقی 12ـم ئاگادار کردەوە خۆگر بن، ئاگادارمان کردنەوە بابەتی ماددی قەرەبووکردنەوەی ئاسانە، ئاگادار بن و پارێزگاری لە رۆحی هاوشارییانی خۆمان بکەن و خوێن نەڕژێت".

هەروەها دەڵێ، "سەرەتای هێرشەکە زۆر خۆمان گرت، تاوەکو لە کاتژمێر 11:15 ماتۆڕسوارێک تەقەی کرد... لە کاتژمێر 12:00ـی شەو هێرشێکی چەکداری لە هەرچوار لاوە کرایە سەر لقی 12 کە چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچەی تێدا بەکارهات، لەوکاتەدا تەواو نزیک بوونەوە لە دەرگاکانی لقی 12، بۆیە بەناچاری پاسەوانەکان تەقەیان بەسەر چەکدارەکان کرد تاوەکو بڵاوەیان پێبکەن، باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە، لەگەڵ ئەو هەموو هێرشەدا، هیچ خوێنێک نەڕژا".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، داوای لە سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو سنوورە کرد، "تەقەکەرانی دوێنێ شەو رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، دەزگا ئەمنییەکان چاوکراوەن و لەڕاستیدا دەتوانن دەستنیشانیان بکەن".

خۆپیشاندان لە هەڵەبجە و هێرشەکەی شەوی رابردوو دوو بابەتی جیاواز بوون، بە گوتەی بەسام عەلی، "ئەوەی، سەر لە ئێوارە خۆپیشاندان بوو، مۆڵەتی فەرمی هەبوو، ئەجێندا و داواکارییان دیار بوو، بەڵام ئەوەی شەو خۆپیشاندان نەبوو، داواکارییەکانیان دیار نەبوو و چەک بەکارهات، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی شەو هێرشێکی چەکداری بوو بۆ سەر فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لقی 12ـی پارتی".

 

عەزیز ڕەسوڵ

هەواڵی پەیوەندیدار