بابەکر زێباری: لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن

هەولێر-KDP.info- پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە ھەوڵدان بۆ دروستکردنی چەند ژوورێکی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسێکی سەربازیی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بەغدا ڕازی نییە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دانوستانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەردەوامن لەبارەی پێکھێنانی ژووری ھەماھەنگی و ئۆپەڕاسیۆن لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، چونکە پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆن کارێکی ئاسان نییە."
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەندێ خاڵ دیاری کراون بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە و ڕێککەوتن کراوە بۆ ھەندێ ناوچە، لەوانەش لە مەخموور و خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکە ڕەزامەندی دراوە."
بابەکر زێباری ڕوونی کردەوە: "ئێمە دەمانەوێی لە کەیوان خاڵێکی ھاوبەش ھەبێت، بەڵام بەغدا لەسەر ھەموو خاڵەکان ڕەزامەندی هەیە و تەنیا بۆ ئەوەی کەرکووک ڕازی نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە و بنکەی ھاوبەش لە سەربازگەی کەیوان ھەبێت."
قائید میرۆ




