٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" حکوومەتی ھەرێم گەنمی جووتیاران دەکڕێتەوە و لە ناوخۆ بەکاری دێنێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی گرێبەستە لەگەل ژمارەیەک کۆمپانیا بۆ کڕینی گەنمی جووتیارانی کوردستان و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ، گەنم دەکڕنەوە و ھەر لە ناوخۆ دەکرێتە ئارد و بەرھەمەکانی پیشەسازیی گەنم.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پڕۆژەی کڕینی گەنمی جووتیاران ماوەی شەش مانگە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری بۆ دەکات، بەڵام بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆ و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جێبەجێکردنی دوا کەوت، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین بەرھەمی گەنم لە جووتیاران بکڕینەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و  ژمارەیەک کۆمپانیا داواکارییان پێشکەش کردووە، ژمارەیەک گرێبەست ئامادە کراون کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئیمزا بکرێن."

حوسێن حەمە کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو بەرھەمەی لە جووتیارانی دەکڕینەوە لە ناوخۆ بەکار دێت بۆ مەبەستی بەرھەمھێنانی ئارد و ساوار و پڕوێش و مەکاڕۆنی و ھەموو ئەو بەرھەمانەی لە پیشەسازیی گەنم دروست دەکرێن، دواتر لەسەر ئالیەتی کڕینەکەش دەگەینە ئەنجامێک."

لەبارەی کاتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران حەمە کەریم گوتی: "ئەمساڵ کاتی دروێنە کۆتاییی ھاتووە و بڕیاری وەرگرتنی گەنم دەکەوێتە ساڵی ئایندە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار