د. سەباح زێباری: بەسیاسیکردنی کۆرۆنا زیانی بە ھاووڵاتییان گەیاند

هەولێر -KDP.info- ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستانیش داوای ھاوکاریی ھاووڵاتییان دەکات و دەڵێ، بەسیاسیکردنی بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی ھەبوو لەوەی ھاووڵاتییان وەک پێویست پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی نەبن.
د. سەباح زێباری، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا تا دێت لە ھەڵکشانە و مردنیش بەھۆی کۆرۆناوە زۆر زیادی کردووە، تەنیا لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا ٩ کەس گیانیان لەدەست داوە؛ پێنج لە ھەولێر و چوار لە سلێمانی، ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە، پێویستە خەڵک پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن و ھاوکاری حکوومەت بن بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکە."
سەرۆکی لیژنەی تەندروستی دەڵێت: "ھەندێ خەڵک بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بەسیاسی کرد و تێکەڵی پرسی دیکە کرا، ئەوەش وای کرد ھاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوکێ و گومان بن، بەتایبەتی لە ھەندێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان بەسیاسیکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی بە ھاووڵاتییان گەیاند."
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی بەرامبەر بە ھاووڵاتییان جێبەجێ کردووە، بەڵام حکوومەتیش کێشەی ھەیە لە نەبوونی پارەی بەردەست بۆ دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی."
د. سەباح زێباری ڕوونی کردەوە: "لە سلێمانی بینیمان ٢٤ نەخۆش لەژێر چاودێریی چڕدا بوون و چوار پەرستار لەو شوێنە بوون، کەچی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ھەر نەخۆشێک پێویستە ٢٤ کاتژمێر لەلایەن پەرستارەوە چاودێری بکرێت، لەبەر ئەوە لە ڕێگەی ئێوەوە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم ھەوڵ بدات بۆ دامەزراندنی کارمەندی تەندروستی و نەھێشتنی ئەو پێویستییەی ئێستا ھەیە."
قائید میرۆ




