بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر: لە 2012ـدا 77 قوتابخانە لە پارێزگای هەولێر دروست كراون و هیچ قوتابخانەیەكی سێدەوامییش نەماوە
ئامادهكردنی: هێمن بابان ڕهحیم
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر مامۆستا بەكر كەریم ئاشكرای كرد كە لە ساڵی 2012ـدا بە گوژمەی زیاتر لە 67 ملیار و 655 ملیۆن دینار لە سنووری پەروەردەی گشتیی هەولێر 77 قوتابخانە دروست كراون و 18ـی دیكەیش نۆژەن كراونەتەوە. رایشیگەیاند "هیچ قوتابخانەیەكی سێدەوامییمان نەماوە." هەروەها چوار ملیار و نزیكەی 15 ملیۆن دینار بۆ كرێی وانەبێژیی مامۆستایان خەرج كراوە، هاوكات "زیاتر لە دوو هەزار سۆپامان بەسەر قوتابخانەكاندا دابەش كردووە."
بەپێی قسەكانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەمەڕ چالاكی و ئامارەكانی ساڵی 2012 لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر چوارشەممە ئاشكرای كرد، پەروەردەی گشتیی هەولێر لە 11 پەروەردە پێك دێت ئەوانیش پەروەردەكانی (هەولێر، دەشتی هەولێر، شەقڵاوە، كۆیە، رەواندوز، چۆمان، خەبات، مەخموور، مێرگەسوور، سۆران)ـن. ئەم پەروەردانە دوو هەزار و 231 قوتابخانە لە خۆ دەگرن، 23 هەزار و 500 قوتابیی لە چوار و پێنج ساڵانن و دابەش بوون بەسەر 177 باخچەی ساوایانی سنوورەكە. هەروەها 47 هەزار و 225 پۆلی یەكەمی بنەڕەتیی هەیە، لەگەڵ 37 هەزار مامۆستا و 14 هەزار و 800 فەرمانبەر.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر مامۆستا بەكر كەریم حەسەن ڕایشیگەیاند لە دەستبەركاربوونییەوە یەكێك لە كارە گرنگەكان كە كاری بۆ كردووە، نەهێشتنی قوتابخانەی سێدەوامی بووە و لەم بارەیەوە گوتی "لە دەستبەكاربوونم لە 19/3/2012 تا 10/9/2012 هەوڵی نەهێشتنی قوتابخانەی سێدەوامیمان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دا و ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ قوتابخانەیەكی سێدەوامیمان نەماوە كە پێشتر 27 قوتابخانە بوون."
لە ساڵی 2012ـدا، 77 قوتابخانە دروست كراون و 18ـیش نۆژەن كراونەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی كە لە ساڵی 2012ـدا، 77 قوتابخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە بڕی 65 ملیار و 312 ملیۆن و 765 هەزار و 370 دینار دروست كراون. هەروەها 117 قوتابخانە بە بڕی 123 ملیار و 360 ملیۆن و 795 هەزار و 595 دینار لە ژێر دروستكردندان و هێشتا تەواو نەبوون.
هاوكات 18 قوتابخانەی دیكەیش بە گوژمەی دوو ملیار و 343 ملیۆن و 909 هەزار و 600 دینار لە ساڵی 2012ـدا نۆژەن كراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا 123 كەرەڤانە بۆ چەندین قوتابخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر دابین كراون. لە وەڵامی پرسیارێكی تایبەتی رۆژنامەی هەولێریشدا لەمەڕ پێشكەشكردنی خێرخوازان بۆ دروستكردنی قوتابخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر مامۆستا بەكر كەریم گوتی "لە ساڵی 2012ـدا تەنها یەك خێرخواز داوای بۆ دورستكردنی قوتابخانە پێشكەش كردووە، بە درێژایی 20 ساڵی رابردوویش تەنها حەوت كەس لە دەوڵەمەند و خێرخوازان داوای دروستكردنی قوتابخانەیان كردووە."
هەر بە پێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر لە ساڵی خوێندنی 2012-2013ـدا، 11 باخچەی ساوایان و 64 قوتابخانەی بنەڕەتی و 27 ئامادەیی و 60 لێكدانی قوتابخانە و 26 جیاكردنەوەی قوتابخانە و 21 بەرزكردنەوەی پلەی قوتابخانەكان بەجێ گەیەنراون.
چوار ملیار و نزیكەی 15 ملیۆن دینار بۆ كرێی وانەبێژی
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا گوتی كە بۆ پێگەیاندن و مەشقپێكردنی زیاتری مامۆستایان و بەرزركردنەوەی زیاتری ئاستی زانستییان، گرنگییەكی تایبەت بە كردنەوەی خول بە بەردەوامی بۆیان دەدەن و روونی كردەوە كە لە ساڵی 2012ـدا، 65 خول بۆ مامۆستایانی سنووری پارێزگای هەولێر لە بوارەكانی كارگێڕی و كۆمپیوتەر و خولی شیاندن و پەروەدەی مەدەنی و زمانی عەرەبی و هونەر و كارە دەستییەكان و پەروەردەی تایبەت و نەهێشتنی نەخوێندەواری كراونەتەوە كە تێیاندا چوار هەزار و 59 مامۆستا سوودمەند بوون و تێچوونی ئەو خولانەیش 458 ملیۆن و 521 هەزار و250 دینار بووە.
مامۆستا بەكر كەریم ئاشكرایشی كرد كە پەروەردەكەیان پێویستی بە زیاتر لە سێ هەزار مامۆستا هەیە و بۆ ساڵی خوێندنی 2012-2013 تەنیا 1292 مامۆستایان بۆ دامەزرێنراوە، بۆیە بە ناچاری پەنا بۆ وانەبێژ دەبەن بۆ ئەوەی ئەو كەموكورتییانەی هەیە پڕ بكرێنەوە. لەم بارەیەیشەوە گوتی "خەرجیی وانەبێژی بۆ ساڵی 2012 بڕی چوار ملیار و 14 ملیۆن و 948 هەزار و 750 دینار بووە."
هەروەها لە ساڵی 2012ـدا ژمارەی ئەوانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان سێ هەزار و 466 مامۆستا و فەرمانبەر بوون. كە لەنێو ئەوانەدا زیاتر لە دوو هەزار و 800 مامۆستا مۆڵەتی دایكایەتییان وەرگرتووە. لەم ڕووەیشەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتی "بەداخەوە ئەو مۆڵەتانەی بۆ دایكایەتی بە تایبەت وەردەگیرێن كاریگەریی لەسەر قوتابخانەكان و خوێندنیش هەیە."
بەكر كەریم لە وەڵامی پرسیارێكدا لەمەڕ نەهێشتنی نەخوێندەواری گوتی "لە ساڵی 2012ـدا، 65 بنكەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر كراونەتەوە و دوو هەزار و 765 بەشداربوو بەشدارییان تێدا كردووە كە بڕی 151 ملیۆن و 921 هەزار دینار بۆ ئەو بنكانە تەرخان كراوە."
بەپێی ئامارەكانی پەروەردەی گشتیی هەولێر، كۆی گشتیی پارەی خەرجكراو بۆ سەفەر و بە تایبەت سەفەری سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆ قوتابخانەكان دەگاتە سێ ملیار و 89 ملیۆن و 519 هەزار و 725 دینار.
لە 2012ـدا زیاتر لە دوو هەزار سۆپا بەسەر قوتابخانەكاندا دابەش كراوە
لە ساڵی 2012ـدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر بڕی 10 ملیار و 443 ملیۆن و 341 هەزار و 400 دیناری بۆ خەرجییەكانی دابینكردنی گشت كەلوپەلەكانی قوتابخانەكان دابین كردووە كە لەنێویاندا دابینكردنی كەلوپەلی بۆ ئەو قوتابخانە نوێیانە تێدایە كە دروست كراون.
مامۆستا بەكر كەریم لە درێژەی قسەكانیدا لە بارەی دابینكردنی نەوت بۆ گەرمكردنەوەی پۆلەكان لە ئەمساڵدا گوتی "لە ساڵی 2012ـدا زیاتر لە دوو هەزار سۆپامان بەسەر قوتابخانەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەماندا دابەش كردووە." هەروەها ڕایشیگەیاند "لە ساڵی 2012ـدا سێ ملیۆن و 916 هەزار و 380 لیتر نەوت بەسەر قوتابخانەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەماندا دابەش كراوە، 160 هەزار و 260 لیتر نەوتیش گەڕێنراونەتەوە بۆ ئەمبارگە، هاوكات كرێی گواستنەوەی نەوت بۆ گشت قوتابخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان 208 ملیۆن دینار بووە."
لەمەڕ پێدواویستییەكانی دیكەیشەوە گوتی كە لە ساڵی 2012ـدا بڕی هەشت هەزار و 595 رەحلەی یەككەسی و دووكەسی و كەرەوێت و كتێبخانە دروست كراون و 10 هەزار و دوو رەحلەی یەككەسی و دووكەسی و كەرەوێت و كتێبخانە چاك كراونەتەوە.




