باڵەتەیی بۆ KDP: هۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی کابینەی کازمی ئاشکرا دەکات

ههولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لایەنە شیعییەکان سەرەتا بەڵێنیان بە کازمی دا بوو خۆی کاندیدانی کابینەکەی دەستنیشان بکات، کەچی دواتر وا دەرنەچوو.
ئارام باڵەتەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێستا ناکۆکی شیعەکان دەستپێکردووە و ئەمەش بۆتە هۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی کابینەی کازمی، چونکە ئەوان چاویان لە پلە و پۆستەکانی وڵاتە بە تایبەتی وهزارهتى ناوخۆ و هەموو جومگەکانی ئاسایش.
باڵەتەیی گوتیشی: ''کورد خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بە کازمیمان رایگەیاندووە کە ئێمە بە پێی پێویستی تۆ کاندیدەکانمان هەڵدەبژێرین، پشتیوانیشمان بۆ کازمی دەبڕیووە و هەڵویستمان ڕۆنە.
''ئێمە و سوننە هۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی حکوومەتی کازمی نین، هۆکارەکە نێوماڵی شیعیە، ئەمەش مەترسییە، چونکە ئەمە چانسی سێیەمە و مەترسیش بە دوایی خۆیدا دەهێنێت'' باڵەتەیی وایگووت.
هاوکات باڵەتەیی بە مەترسییەوە دەڕوانێتە ئەم هەنگاوە و دەڵێ، "مەترسییەکی جددی هەیە ئەگەر حکوومەت پێکنەهێنرێت ئەوە عێراق بەرەو ئاقارێکی نادیار دەڕوات، بەڵام دیسان لایەنەکان چاوەڕوانی دواین وادەن کە ٩ـی مانگی پێنجە.
کــاروان بـــاعەدری




