عەمید دلێر: دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و پێویستە هەموومان پابەندی بڕیار و رێنماییەكان بین

هەولێر-KDP.info- لە دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ، سەرجەم بەش و هۆبەکانی پۆلیسی هەولێر لە ئامادەباشیدان. بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش ڕایدەگەیەنێت: "لە پێناو پاراستنی سەروماڵ و تەندروستیی هاووڵاتیاندا، 24 كاتژمێر لە ئەركداین".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید (دلێر نەجاڕ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و لە پێناو دابینكردنی ئەمنییەتی زیاتر و پەرەدان بەو سەقامگیرییەی لە هەولێری پایتەخت هەیە، تێكڕای تیمەكانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و هێزە ئەمنییەكانی دیكە، بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنی دەكەن و شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەك و بەردەوام لە ئەركدان.
عەمید (دلێر نەجاڕ) ئەوەشی خستەڕوو، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی شاری هەولێر، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركی سەرشانیان ڕادەپەڕێنن و لە سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و گەڕەك و شەقامەكانیش بڵاوەیان پێكراوە و دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، داواشی لە هاونیشتمانیان كرد، پابەندی بڕیار و رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بن، تا بە هەموو لایەك بتوانین ئەم دۆخە بە سەلامەتی تێپەڕێنین.
عەمید (دلێر نەجاڕ) ڕاشیگەیاند، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی تر، 24 كاتژمێر لە ئەركدان و خۆشمان بە خزمەتكاری هاووڵاتیان دادەنێین.
سوپاسی خۆڕاگری و دڵسۆزیی دانیشتووانی شاری هەولێر و هەروەها ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە و تیمەکانی تەندروستی و تیمی فڕۆکەوانیشی کرد، کە بەردەوام شەونخوونی دەکەن و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە تا ژیانی هاونیشتمانیان پارێزراو بێت.
ئومێد بابان




