٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حاکم ئازاد: ھەرکەسێک زانیاری و بەڵگەی ھەیە لەسەر دۆسیەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری نەوت پەیوەندیمان پێوە بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی یاسایی لەبارەی دۆسیەی پارەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری شیرینی نەوت پێک ھاتووە و سەرۆکی  لیژنەکەش داوای بەڵگە و زانیاری دەکات.

حاکم ئازاد حەسەن، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون لە کەیسی پارەی نەوت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لەلایەن بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ڕاسپێردراوین وەک لایەنی یاسایی و داواکاری گشتی بۆ بەدوداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەو پارەیەی گوایە لە کەرتی نەوت بردراوە، ئەرکی ئێمە تەنیا کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەنامەیە لەسەر کەیسەکە."

حاکم ئازاد دەڵێت: "کەیسەکە پێک ھاتووە لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی و گوایە وەک شیرینی نەوت دراوەتە لایەنێک لەگەڵ یەک ملیار دۆلار کە گوایە لە بانکێکی لوبنانە، لەمڕۆ بەدواوە دەستبەکار بووینە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین."

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی پارەی نەوت گوتی: "داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین، ھەرکەسێک زانیاری و بەڵگەی لایە لەسەر دیارنەمانی ئەو پارەیە پەیوەندی بە لیژنەکەی ئێمەوە بکات و بەڵگەنامەکان بگەیەنێتە لیژنەکەمان."

حاکم ئازاد حەسەن جەختی کردەوە: "لیژنەکەی ئێمە دوای ئەوەی بەڵگە و زانیارییەکان کۆ دەکەینەوە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی تێدا ناکەین، بەڵکو ڕادەستی حکوومەت و لایەنی پەیوەندیداری دەکەین بۆ ئەوەی ئەوان کاری لەسەر بکەن."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار