پارێزگاری هەولێر: ئاهەنگەکانی نەورۆز رادەگرین

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەردەوامدەبن و لەو چوارچێوەیەدا ئاهەنگەکانی نەورۆز رادەگرن.
ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە قایمقام، بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بۆ چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی باسی نێوەڕۆکەکەی کرد و رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی حکوومەت کردەوە کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووبوون، بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە".
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی گوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداویستییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دابیندەکات.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان، فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوە کرد، "خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێک لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار نەکراوە، ئێمە هەموو رێکارێکی پێویستمان گرتووەتەبەر لە رێوشوێنی پێویستی خۆپارێزی هەر لەسەر سنوورەکانەوە، لەنێو بازاڕ و لە رێنمایی پێویستی تەندروستی و دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستیانەی کە بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپارێزی بۆ ئەو نەخۆشییە پێویستن".
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت، "هەموو رێکارێکی پێویستی خۆپارێزی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بتوانین تەندروستیی گشتی لە شارەکەمان بپارێزین. دڵنیاییش دەدەینە هاووڵاتییانی شارەکەمان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و رێگەگرتن لە کەسانی قۆرخکار، لە هیچ کەسێک قبووڵ ناکەین سوود لەو دۆخە وەربگرێت بۆ گرانکردنی بازاڕ".
ئەو کەسانەی لەو وڵاتانە دێنەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و پشکنینیان بۆ دەکرێت، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەن کە لەو شوێنانەوە هاتبێت ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.
لەبارەی راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، پارێزگاری هەولێر گوتی، راگەیاندنی پشوو تەنیا بۆ خۆپارێزییە. داواش دەکات هەموو لایەک هاوکاری یەکدی بکەن و لە هەموو ناوەندە پەروەردەیی و ئایینی و رۆشنبیرییەکان هۆشیاری بڵاو بکەنەوە.




