"کریستیانەکان دیداری بارزانی و پاپا بە گرینگ وەسف دەکەن"
__2020_02_19_h15m30s59__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەگەل پاپا فڕەنسیس، پاپای ڤاتیکان کۆ بووەوە و بەرپرسێکی کریستیانەکانیش دیداری نێوان بارزانی و پاپا بە گرینگ وەسف کرد و دەشڵێ، پاپا ھەمیشە سوپاسگوزاریی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ پاراستنی کریستیانەکان.
کلارا عودیشو، سەرۆکی فڕاکسیۆنی کلدانی سریانی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیداری نێوان مەسروور بارزانی و پاپای ڤاتیکان بۆ ئێمەی گەلانی کریستیان گرنگیی خۆی ھەیە و پێشوازیی گەرمی لێ کراوە، چونکە پاپا دەسەڵاتی باڵای کریستیانەکان لە جیھان و مەرجەعی کریستیانەکانە، لەبەر ئەوە دیدارەکەی نێوان سەرۆکوەزیران و پاپا کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشبردنی گیانی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی پاپا سوپاسی ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەو کەشی پێکەوەژیانەی لە کوردستان ھەیە.
عودیشو گوتی: "ڕێزدار مەسروور بارزانی بانگھێشتی پاپا فڕەنسیسی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، بێگومان سەردانی پاپاش گرینگە بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان بە چاوی خۆی ببینێ کە چۆن بەرگری لە کریستیانەکان کراوە."
نوێنەرەکەی کریستیان دەشڵێت: "پێشتر کریستیان لە ھەموو وڵاتانی ناوچەکە ھەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا کریستیانەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراون و لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی ھەبووە لە پێشوازیکردن و حەواندنەوەی سەدانھەزار کریستیانی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق."
کلارا عودیشو جەختی کردەوە: "پاپای ڤاتیکان درک بەو ڕاستییەش دەکات کە ھەشت پێکھاتە بەبێ گرفت لە ھەرێمی کوردستان پێکەوە دەژین، لەگەڵ ئەو ھەموو خزمەت و پاراستنەی کریستیان، ئێمەیش وەک گەلانی کریستیان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە حکوومەتی خۆمان زانیوە و ھەردەم لەبەردەم جیھانی دەرەوە کوردستانمان وەک نموونەیەکی بەرچاوی ناوچەکەمان ناساندووە، چونکە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە و تێیدا لە ٩ ماددەدا باس لە پێکەوەژیان دەکات، ئەمەیش دەستکەوتێکی گرینگە."
قائید میرۆ




