"ئه‌لقاعیده" ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كه‌ركووكی ئه‌نجام داوه و به‌رپرسه‌كه‌ی ده‌ستگیر كراوه
سایتى هه‌ولێر-
له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا پارێزگاری كه‌ركووك ئاشكرای كرد كه ڕێكخراوی تیرۆریستی "ئه‌لقاعیده" له پشته‌وه‌ی ئه‌نجامدانی كرده تیرۆریستییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی كه‌ركووكه‌وه بووه و به‌رپرسی ئه‌و كرده‌یه‌یش ده‌ستگیر كراوه.
پارێزگاری كه‌ركووك (نه‌جمه‌دین كه‌ریم) له میانه‌ی كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئاشكرای كرد "رێكخراوی قاعیده له‌پشت ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شاری كه‌ركوكه‌وه بووه‌و به هۆشیاریی هاوڵاتیان و چاوكراوه‌یی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش، توانراوه به‌رپرسی یه‌كه‌می ته‌قینه‌وه‌كان ده‌ستگیربكرێ و له‌رێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیشه‌وه تیرۆرسته مه‌ترسیداره‌كانی دیكه‌ش ده‌ستگیر بكرێن."
له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنی تۆڕه تیرۆریستیه‌كه‌یشه‌وه پارێزگاری كه‌ركووك ڕوونی كرده‌وه كه له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كان و له‌نزیك رووباری خاسه‌ی نزیك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیس، كه‌سێك وێنه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی گرتووه‌و چه‌ند جارێك وشه‌ی (الله اكبر)ی وتووه‌ته‌وه، له‌وكاته‌یشدا چه‌ند هاوڵاتییه‌ك ئاگای له‌و كه‌سه بووه‌و رێگه‌یان لێ گرتووه هه‌ڵبێ و دواتر هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستگیریان كردووه.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو تیرۆرسته ده‌ستگیركراوه‌كه به‌ره‌گه‌ز عیراقییه سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی رێكخراوی قاعیده‌یه‌و یه‌كێكه له‌وانه‌ی له گرتووخانه‌ی كرۆكه‌ر هه‌ڵاتوون و به‌رپرسه له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس و شه‌قامی ئه‌تڵه‌سی كه‌ركوك، تائێستاش 11 ته‌قینه‌وه‌ی له عیراق ئه‌نجامداوه و 100 هاوڵاتیی مه‌ده‌نی و ئه‌منیی كردووه‌ته قوربانی.
هه‌ر له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا پارێزگاری كه‌ركووك رایگه‌یاند كه ده‌ستگیركراوه‌كه ناوی دوو كه‌سی دیكه‌ی هێناوه كه له‌شوێنی ته‌قینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیدا بوون و هێزی بنبڕكردنی تیرۆر و ئاسایش له به‌غدا ده‌ستگیری كردوون، هه‌روه‌ها دانی به‌وه‌شدا ناوه كه ئه‌و دووخۆكوژه‌ی له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی كه‌ركوك خۆیان ته‌قانده‌وه، عه‌ره‌بن و مه‌به‌ستیان ده‌ستگرتن بووه به‌سه‌ر گرتووخانه‌ی ته‌سفیراتی كه‌ركوكدا.




