ئەشكەنجە و دەستدرێژی بۆ سەر زیندانییان لە گرتووخانەكانی عێراقدا شتێـــكی بەربڵاوە
وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
جەین ئاراف لە ماڵپەڕی "كریستیان ساینس مۆنیتەر"دا بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ناڕەزایی سوننەكان دژ بە سیاسەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی بەردەوامە
و ڕۆژانەیش سەدان كەس لە شار و شارۆچكە جیاوازەكان دەرژێنە سەر شەقامەكان و داوای جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەكەن.
تووڕەبوونی سوننەكان
جەین ئاراف دەڵێت: بارودۆخەكە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوەتە قۆناغێكی نوێ و هەستیارەوە، چونكە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لقی عێراقی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە داوای لە سوننەكان كرد دژ بە حكوومەتی وڵات چەك هەڵگرن.
هاوكات ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوویش بەرپرسی ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، ئەگەر حكوومەت ئامادە نەبێت داواكاری خۆپێشاندەران جێبەجێ بكات، ئەوا وەزیرەكانی ڕەوتەكەی دەست لەكاردەكێشنەوە.
ئەو شتەی بووەتە هۆی تووڕەبوونی سوننەكان مامەڵەی نەشیاوی هێزی ئاسایشی عێراقە لەگەڵ گەنجە سوننەكاندا، بە تایبەتی ئەو هێزەی لە لایەن خودی سەرۆكوەزیرانەوە ڕێنمایی و فەرمان وەردەگرێت و سوودیش لە یاسای دژە تیرۆر وەردەگرێت بۆ شەرعیەتدان بەو مامەڵە نەشیاوەی.
یەكێك لە خۆپێشاندەرەكانی پارێزگای ئەنبار بەناوی عەبدولقادر فەلاح دەڵێت: "ئێمە بۆ پشتیوانی لە مافی زوڵم لێكراوان و بۆ مەبەستی ئازادكردنی ئەو ئافرەتانە ڕژاوینەتە سەر شەقامەكان كە لە گرتووخانەكاندان".
عەبدولقادر فەلاح هەروەها دەڵێت:"ئێمە پێشتر 19 داواكاریمان هەبوو، بەڵام ئێستا 1 داواكاریمان هەیە، ئەویش ئەوەیە دەبێت نووری مالیكی واز لە پۆستی سەرۆكوەزیران بهێنێت".
دەستگیركردنی بەرفراوانی هاووڵاتیان
جەین ئاراف نووسیویەتی، زۆربەی ئەو كەسانەی ڕژاونەتە سەر شەقامەكان یەكێك لە ئەندامانی خانەوادە یان كەس و كارێكیان دەستگیر كراوە و لە گرتووخانەدایە.
خۆپێشاندەران باس لەوەیش دەكەن، كە هاووڵاتیان لە گرتووخانەكاندا زۆر بە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و بە توندترین شێوەیش ئەشكەنجە دەدرێن.
ڕێكخراوەكانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤیش پشتیوانی لە قسەی ئەم هاووڵاتیانە دەكەن و دەڵێن: ئەشكەنجەدان لە گرتووخانەكانی عێراقدا شتێكی زۆر بەربڵاوە.
نووسەری ڕاپۆرتەكەی "كریستیان ساینس مۆنیتەر" دەڵێت: لەگەڵ تێكچوونی ئەم بارودۆخەیشدا جیاوازیی و كێشە تائیفیەكان قووڵتر دەبنەوە و هەربۆیەیش ڕۆژانە چەندین خانەوادەی سوننە ناچار دەبن بەغدا بەجێ بهێڵن و ڕوو لە شارە سوننەكانی عێراق بكەن.
زانیاریی نهێنی و ئەشكەنجەدان
جەین ئاراف نووسیویەتی: دەكرێت لە عێراقدا هاووڵاتیان لە سەر بنچینەی زانیاریی نهێنی و ئاشكرانەكراو دەستگیر بكرێن. كاتێكیش دانیان بەوەدا، كە تاوانێكیان ئەنجام داوە ئیدی فەرمانی كوشتنیان بۆ دەردەكرێت.
ڕێكخراوەكانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ ڕەخنە لەم مامەڵە سەیرە لەگەڵ هاووڵاتیان دەگرن و دەڵێن، هێزی ئاسایش هاووڵاتییان دەستگیر دەكات و پاشانیش ئەوەندە ئەشكەنجەیان دەدات، كە ناچار دەبن دان بە هەر تۆمەتێكدا بنێن، كە دەدرێتە پاڵیان.
هاووڵاتیەك لەم بارەوە دەڵێت:"هێزی ئاسایشی وڵات من و براكەمی دەستگیر كرد. بەرپرسی ئەو هێزی ئاسایشە پێی ڕاگەیاندین: ئەگەر دان بەوەدا نەنێن، كە هێرشتان كردووەتە سەر خاڵی پشكنینەكان، ئەوا بە خراپترین شێوە ئەشكەنجەتان دەدەم".
ئەم هاووڵاتیە گوتی: لە پشتەوە دەستیان بەستمەوە و بە سەقفی گرتووخانەیەكدا هەڵیانواسیم و كارەبایان لێدام و بە خراپترین شێوە ئەشكەنجەیان دام". ئەم هاووڵاتیە زیاتر دوا و گوتی، پاش ئەشكەنجەدانێكی زۆر ئازاد كرام، بەڵام تاكو ئێستا براكەم لە گرتووخانەدایە.
گەڕانەوە بۆ پێشنیارەكەی جۆ بایدن
جەین ئاراف دەڵێت: تووڕەیی خەڵكی و پارت و لایەنە سیاسیەكان لە سیاسەتی سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەیان شتێكی نوێ نییە، چونكە چەندین مانگ پێش ئێستا كوردەكان و سوننەكان و لایەنێكی شیعە ویستیان متمانە لە مالیكی وەربگرنەوە.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستایش پەرلەمان یاسایەكی دەركرد، كە ماوەی خولی سەرۆكایەتیكردنی حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی كۆماری دیاری كرد. ئەمەیش ئەوە دەردەخات، كە مالیكی نەیارێكی زۆری هەیە، تەنانەت لەناو لیستی هاوپەیمانی شیعەكانیشدا.
جوان كۆڵ پسپۆڕێكی كاروباری عێراقە لە زانكۆی "میشیگان" و دەڵێت:"پێم وایە بارودۆخەكە زۆر گۆڕاوە.
پرسیارەكەی دیكە ئەوەیە چ شتێك ڕوودەدات ئەگەر كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد بێت و حكوومەتێكی سوننە لەو وڵاتەدا دەسەڵات بگرێتە دەست؟
پێم وایە هەموو شت لە دەستی سیاسەتمەدارانی عێراقی خۆیاندایە بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بدەن...ئەگەر نا دەبێت پێشنیارەكەی چەند ساڵێك پێش ئێستای جۆ بایدن بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
مەبەستی ئەم توێژەرەوەیە لە پێشنیارەكەی جۆ بایدن دابەشكردنی عێراقە بە سەر 3 هەرێمی سوننی و شیعی و كوردیدا، ئەوەش كاتێك سیناتۆر بوو.
گرتووخانەكان پڕن لە گەنجی بێتاوان
جەین ئاراف دەڵێت: خۆپێشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای دژەتیرۆر دەكەن، چونكە هێزی ئاسایشی عێراق ئەو یاسایە بۆ مەبەستی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی هاووڵاتیان بەكاردەهێنێت.
خۆپێشاندەران هەروەها داوای ئازادكردنی زیندانییەكان دەكەن، چونكە گرتووخانەكانی عێراق هەزاران گەنجییان تێدایە.
فیراس هاووڵاتیەكی دانیشتووی فەللووجەیە و دەڵێت:"تۆمەت دەدەنە پاڵ زیندانیكراوان و لە ڕێی ئەشكەنجەدانەوە ناچاریان دەكەن دان بە ئەنجامدانی چەندین تاواندا بنێن، كە نەیان كردووە.
هەندێكجار هێزی ئاسایشی عێراق هاوسەری زیندانیكراوەكان دەبەن و بە مێردەكانیان دەڵێن، ئەگەر دان بە تاوانەكاندا نەنێیت، ئەوا دەستدرێژی دەكەینە سەر هاوسەرەكەت...ئامۆزایەكی خۆم لەم ڕێگایەوە ناچار بوو دان بە تاوانێكدا بنێت، لە كاتێكدا ئەنجامدەریشی ئەو نەبوو".
بەرپرسانی عێراق باس لە گەڕانەوەی ئەلقاعیدە بۆ ئەنبار دەكەن، بەڵام پارێزگاری ئەو پارێزگایە قاسم عەبد حەمادی دەڵێت:"95% خۆپێشاندەران داواكاریی یاساییان هەیە.
پێدەچێت 1%ی ئەوانی دیكە ئەلقاعیدە بن و 1%ی دیكەیان نەزانن بۆچی خۆپێشاندان دەكەن و 1%ی دیكەیشیان خەڵكی وڵاتانی دیكە بن و بیانەوێت بارودۆخەكە تێك بدەن....بەڵام زۆرینەی زۆری خۆپێشاندەران داواكاریی ڕەوایان هەیە".




