٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی كەركووك: چیی دیكە كەركووك لە دۆخی چەقبەستوویدا نامێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ســـەنگەر قوبــاد -  روزنامه ى هه ولیر 
ماوەی ساڵێكە كەرتی وەبەرهێنان لە كەركووك كارایە و بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنان، پارێزگاری كەركووك بە فاكتەری سەرەكیی كاراكردنی ئەو كەرتە وەسف دەكات. ئێستا كار لەسەر 20 پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێت و 25%ـی كارەكانیان تەواو بووە. بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی كەركووك فەلاح بەزاز لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی هەولێردا ئاشكرای دەكات كە هەندێ‌ لە زەوییە كێشەلەسەرەكان چارە كراون و خراونەتە پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە. ئەو دڵنیایشە لەوەی هەنگاوەكانی وەبەرهێنان بەردەوامییان دەبێ‌ و چیی دیكە كەركووك لە دۆخی چەقبەستوویی خۆیدا نامێنێتەوە.

* فاكتەری كاراكردنی كەرتی وەبەرهێنان لە كەركووك چییە؟

- دەستەی وەبەرهێنان و یاساكەی نوێیە، یاساكەی ژمارە 13ـیە و لە ساڵی 2006 دەرچووێنرا، بەڵام تا كۆتایی 2009 یاساكە كاری پێ‌ نەكرا، چونكە باری ئەمنیی عێراق بە شێوەیەكی گشتی شڵەژابوو، تا لە كۆتایی ساڵی 2009ـدا توانرا لە كەركووك دەستەكە بە باشی بونیاد بنرێ‌، لەوێوە وەبەرهێنەرێكی زۆر لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە سەردانی دەستەكەیان كردین و ئامادەیی خۆیان بۆ كاركردن دەربڕی. دواتر لە سەرتای 2012ـوە دەستەكە بە تەواوەتی كارا كرا و دەستی بە كارەكانی كرد، سەرەتایش بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون دەستی پێ‌ كرد، بۆیە فاكتەری سەرەكیی كاراكردنی كەرتی وەبەرهێنان بە پلەی یەكەم پارێزگارە و دواتر ئەنجوومەنی پارێزگایە، چونكە ئەنجام لەوە تێگەییشتن كە بە بێ‌ كاراكردنی كەرتی وەبەرهێنان شارەكە گەشە ناكات.

* پێشتر كێشەی موڵكداریەتی بەربەستی گەورەی بەردەم وەبەرهێنان بوو، ئێستا چۆن زەوی بۆ وەبەرهێنەر دابین دەكەن؟

- راستە ساڵانی رابردوو كێشە موڵكداریەتییەكان رێگر بوون لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان، چونكە زۆربەی هەرە زۆری زەوییەكان كێشەی موڵكداریەتییان لەسەرە و جێبەجێكردنی ماددەی 140 تەنیا دەلاقەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە موڵكداریەتییەكان، باشە تا كەی چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بین، بۆیە دواجار گەییشتینە بڕوایەك بە هەر جۆرێك بێ‌ زەوی بۆ وەبەرهێنان دابین بكەین، بەشێك لەو زەوییانەی تەرخان كراون بێكێشەن و هەندێكی دیكەیشی كێشەلەسەرن، بەڵام لای خۆمانەوە چارەسەرمان كردوون، لەو هەوڵەدا سەركەوتوو بووین و توانیمان هەندێ‌ زەوی بە وەبەرهێنەران ببەخشین، لە بەرانبەر زەوییەكاندا هیچ لە وەبەرهێنەران وەرناگیرێت، واتا زەوی بە خۆڕایی بە وەبەرهێنەر دەدرێ‌، لە پێناو بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شاری كەركووكدا.

* پێدانی زەوی بە بێ‌ بەرانبەر بە وەبەرهێنەر هیچ سوودێك بە ئیدارەی نێوخۆیی دەگەیەنێ‌؟

- ئەركی ئیدارەی نێوخۆیی خزمەتكردنی دانیشتووانی شارە، بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون جگە لەوەی خانوو بۆ هاووڵاتیان دابین دەبێ‌، هەلی كاریش زیاتر دەبێ‌، سیمای شار جوانتر دەبێ‌، سوودەكەی بۆ ئیدارە نییە، بەڵكوو بۆ هاووڵاتیانە.

* چاودێریی جۆری كاركردنی وەبەرهێنەران دەكەن؟

- مەرج دانراوە بۆ كاركردنیان، دەبێ‌ كوالێتی كارەكان بەرز بێ‌، بەكارنەهێنانی بلۆك لە دروستكردنی دیواردا یەكێكە لە مەرجەكان، كەرەستە بەكارهێنراوەكان دەبێ‌ كوالێتی باش بێت، لە ئاییندەدا دانیشتووانی ئەو یەكانە لە سەرما و گەرما بپارێزێ‌، بۆیە رێگەیان پێ‌ نادەین كەرەستەی خراپ بەكار بهێنن.

* ژمارەی ئەو پڕۆژانەی لە كاردان چەندە؟

- پڕۆژەكان تەنیا لە نێو شاری كەركووك ئەنجام نادرێن، هەندێ‌ لە شارۆچكە و شارەدێیەكان دەگرێتەوە، بە گشتی 20 پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون و دوو پڕۆژەی دروستكردنی هۆتێل و مۆڵ لە كاردان، كە 12 پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوونی دەكەوێتە باكووری شاری كەركووكەوە لەسەر ڕووبەری 825 دۆنم زەوی، بە شێوەیەكی گشتییش 25%ـی كارەكان بە ئەنجام گەییشتوون.

* هەنگاوەكانی وەگەڕخستنی وەبەرهێنان بەردەوامییان دەبێ‌؟

- هەنگاوەكان بەردەوامییان دەبێ‌ و دڵنیام لەوەی وەستانی نییە، چیی دیكە كەركووك لە دۆخی چەقبەستوویی خۆیدا نامێنێتەوە، زۆرترین وزە دەخەینە گەڕ بۆ بەرەوپێشبردنی گوزەرانی خەڵك و ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردن و جوانتركردنی سیمای شار، پارێزگاری كەركووك زۆر جیددییە لە كاراكردنی هەموو كەرتەكان.

هەواڵی پەیوەندیدار