دکتۆر شەفیق قەزاز: کورد بە خۆبەهێزکردن رووبەڕووی هەموو تەحەدییەکان دهبێتەوە

ئەو تەوافوقەی کە عێراقی دوای سەددامی لەسەر دامەزرا، تووشی شکست بووە. ئێستا قەیران و پێشهاتەکانن کە عێراق بەڕێوە دەبەن و سەرجەم لایەنەکانی عێراق گومانیان لە یەکتر و پاشان لە نووری مالیکی هەیە. سیاسەتمەدار دکتۆر شەفیق قەزاز بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" بە باشی زانی کورد لەم کێشانەی عێراق خۆی بە دوور بگرێت و بە خۆڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی ناوخۆ، بەرەوڕووی هەموو ئەو تەحەدییانە ببێتەوە کە لە داهاتوودا بەرانبەری دەکرێت.
ئەمڕۆ عێراق بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت. بە بۆچوونی دکتۆر شەفیق قەزاز تەوافوق تا ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، بۆیە بارودۆخی عێراق بەم شێوەیەی ئێستای لێ هاتووە. ئەو دەڵێت لایەنەکانی عێراق کە بۆ تەوافوق دادەنیشن، هەر لایەنەی ئەجێندایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، هەیە مەزهەبییە، هەیە ئایدۆلۆژییە، سیاسییە، یان نەتەوەییە. ئەوانە بە موجامەلە لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی عێراق رێک کەوتوون.
کێشەی کورد تەنیا نووری مالیکی نییە
کێشە تەنیا بوونی نووری مالیکی نییە، بەڵکوو بە بۆچوونی ئەم سیاسەتمەدارە لایەنەکانی ئەلعێراقییە، سەدر، شیعەکان بە هەموو پێكهاتەکانییەوە هیچ کامیان لەگەڵ ئامانجەکانی کورددا نین.
سەرنەگرتنی تەوافوق یەکێک لەو هۆکارانەیە کە قەزاز پێی وایە رێگەی داوە بە هەژموونی کەسێکی وەک مالیکی یا خود کاتی خۆی جەعفەری و عەللاوی، کوردیش لەم هەنگاوەدا بەشدارە، چونکە مالیکی دەستکردی کوردە و ئەگەر مالیکی لە دڵەوە قسە بکات، خۆیشی باوەڕی بە تەوافوق نییە.
ئەجێندای مالیکی و گومانی عێراقییەکان
لە یەکتر
ئەمڕۆ نووری مالیکی ئەجێندایەکی تایبەتی بەرانبەر بە کورد هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەکوو پێکهاتەیەک لاواز بکات و رۆڵی سەرکردایەتیی کورد ون بکات. بە ڕای دکتۆر شەفیق قەزاز، مالیکی کە باسی هەموارکردنی دەستوور دەکات، سەرجەم لایەنە عەرەبییەکانی عێراقیشی لەگەڵە، چونکە نایانەوێت کورد دەستەڵاتی هەبێت، نایانەوێت سیستەمی فیدراڵی بچەسپێت، نایانەوێت بودجە 17% بێ، بەڵکوو لە هەوڵی کەمکردنەوەیدان.
سووننەکانی عێراق بەو ئەنجامە گەییشتوون کە ناچنەوە دۆخی جاران کە باڵادەست بوون، بەڵام کێشەی زۆریان لەگەڵ شیعەکاندا هەیە و لەوە دەترسن شیعە زیاتر دەستی بڕوات و پتر سەرکوتیان بکات. دکتۆر شەفیق قەزاز جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم لایەنەکانی عێراق گومانیان لە یەکتر هەیە و سەرجەمیشیان گومانیان لە نووری مالیکی هەیە کە بە شێوەیەکی چەوت و تاکڕۆیی و دیکتاتۆریانە عێراق بەڕێوە دەبات.
مالیکی متمانەی لە دەست داوە
مالیکی متمانەی کوردی لە دەست داوە. دکتۆر شەفیق قەزاز ئاماژەی بەوە کرد کە مالیکی متمانەی کوتلەی سەدر و ئەلعراقییەیشی لە دەست داوە و تەنیا گرووپەکەی خۆی لەناو هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعە ماوەتەوە. ئەو دەڵیت "ڕاستە ئێمە لە سەندنەوەی متمانە سەرنەکەوتین، بەڵام ئەو مەترسییە هەر ماوە. کەسێک کە تاکڕۆ بوو و ترسی لە دەوروبەر و هاوپەیمانەکانی هەبوو، زیاتر هەوڵ دەدات خۆی بهێڵێتەوە لە هەموو شوێنێکیش ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە یەکێکی وا بەرەو دیکتاتۆری دەبات." کورد سەلماندی کە نووری مالیکی لەوە بەهێزترە بە یەک یان دوو لایەن بڕوات، لایەنەکانی عێراق هەموویان دەزانن هیچیان بە تەنیا بۆ خۆیان پێ ناکرێت و هیچیشیان بە تەنیا ناتوانن بۆ عێراق هیچ کارێک بکەن، بۆیە هەموویان نائومێد بوون.
عێراق لە لێواری رووخاندا
عێراق شکستی هێناوە و هۆکارەکانیش بۆ سەلماندنی ئەم شکستە زۆرن. هیچ کام لە لایەنەکانی دیکەی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لەسەر شتێکی تایبەتی کار ناکەن و هاوئاڕاستە نین، چونکە رووداوەکان لە دەست خەڵک نین و هەروەک دکتۆر شەفیق قەزاز ئاماژەی پێ کرد، ئەمڕۆ قەیران و پێشهاتەکان عێراق بەڕێوە دەبەن.
ئەوەی دکتۆر شەفیق قەزاز بە گرنگی دەزانێت ئەوەیە كە ئەگەر عێراق بەرەو دابەشبوون بڕوات، هەر سبەینێ ئەمە بکرێت بە قازانجی هەموو لایەنەکانە. ئەگەر ئەمڕۆ لە بەرژەوەندیی شیعەیە ئەوا شەش مانگی دیکە لە قازانجی کوردە و ماوەیەکی دیکە لە قازانجی سوننەیە. رووداوەکان چاوەڕوانی ئەوە ناکەن لە بەرژەوەندیی کێیە، قەیرانەکان قووڵ بوونەتەوە و ئەگەر ئاوا بڕوات دابەشبوون ڕوو دەدات جا هەر کاتێک بێت یان بە هەر هۆکارێکی دیاریکراو.
هەڵوێستی کورد
دکتۆر شەفیق قەزاز سەبارەت بە بڕیاری کورد لەو بارودۆخە قەیراناوییەی کە تووشی عێراق بووە دەڵێت "بڕوا ناکەم ئێمە بتوانین فرسەتهێن بین، چونکە بارودۆخی عێراق ئاڵۆزە. ئەگەر بڵێین داخوازی دەچەسپێنین ئەمە ناکرێت، چونکە داخوازی لە ناوەند دەچەسپێت لە کاتێکدا ناوەند شێواوە یان بە دەست یەکێکە کە لەگەڵ کورددا نەیارە."
قەزاز پێگەی کورد بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵێك پێش ئێستا بە لاواز لە قەڵەم دەدات و دەڵێت كە ئێستا ئەم پێگەیەی نییە کە شەش ساڵ لەمەوبەر هەیبوو. ئەمڕۆ وەکوو ساڵی 2007 کورد ناتوانێت سەرۆکوەزیرانێکی دیکە بێنێت و بیچەسپێنێت وەکوو چۆن مالیکیی چەسپاند.
ئەم سیاسەتمەدارە بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی چاکسازی لە ناوخۆی هەرێم، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کورد خۆی لەم کێشانە بە دوور بگرێت، چونکە لە بەرژەوەندیدا نییە پشتگیریی هیچ لایەنێک بکات، بەڵکوو وا باشە خەریکی خۆڕێکخستنەوە بێت و هەرێمی کوردستان بکات بە هێزێکی تایبەت کە کاریگەریی لە دواڕۆژدا هەبێت و بەرەنگاری ئەو تەحەددیاتانە ببێتەوە کە لە دژی دەکرێت جا مالیکی بێت یان هەر کەس و لایەنێکی دیکە.




