٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ئەوقاف: داوای دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی كراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی رایگەیاند، بە نووسراوی فەرمی داوا لە حكوومەتی هەرێم كراوە كە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی دابین بكرێت. دەشڵێ: "ئومێدێكی زرمان هەیە حكوومەت وەڵامێكی دڵخۆشكەری هەبێت، چونكە وەزیری ئەوقاف خۆی كاری بۆ دەكات".

 

نەبەز ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە دەستەی وەبەرهێنان كردووە كە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی دابین بكرێت، ئینجا زەوی بێت یاخود شوققە یانیش خانوو، بۆیە چاوەڕێی دەستەی وەبەرهێنان دەكەن وەڵاممان بداتەوە و وەزیری ئەوقافیش خۆی بەدواداچوونی بۆ دەكات و بە مامۆستایانی ئایینی راگەیاندووە، كە چاوەڕێی وەڵامی دڵخۆشكەر بن.

 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی: "ئەو بڕیارە هەموو مامۆستایانی ئایینیی كوردستان دەگرێتەوە بە بێ جیاوازی، چونكە ئێمە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 3 هەزار مامۆستای ئایینیمان هەیە لەگەڵ پێنج هەزار و 560 مزگەوت، كە لە 3 هەزار و 174 مزگەوتدا گوتاری هەینی دەدرێت".

 

بڵند ئیبراهیم   

هەواڵی پەیوەندیدار