ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر داستانی سحێلادا تێدەپەڕێت.. كوردستانیان خۆیان نەچەماند

دهۆك-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، دوو ساڵ بەسەر داستانە مەزنەكەی سحێلادا تێپەڕ دەبێت، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش، كە بەشداری ئەو داستانە بوو، دەڵێت، شەڕی سحێلا نەیهێشت قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبار بچێت و كوردستانیانیش خۆیان نەچەماند.
دەستپێكی داستانەكە
لە ٢٥ی ئۆكتۆبەردا، واتا رۆژێك بەر لە داستانەكە، فەرماندەكانی پێشمەرگە لە سحێلا كۆبوونەوەیەكیان كرد بە سەرپەرشتیی مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشكری تایبەتی یەك و گوڵان و، بڕیاریان دا تا دواساتی ژیان و دوایین دڵۆپی خوێن شەڕ بكەن.
لە ٢٦ی ئۆكتۆبەردا، هێزێكی گەورەی پڕچەك لە هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و پۆلیس و هێزە نێوخۆییەكان بە هاوكاریی هێزی هەندێك وڵاتان، بە چەكی قورس لە ناوچەی سحێلا لە رۆژئاوای دیجلە جێگیر كران، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ شەڕەكە.
لیوا بەهجەت سێلكی، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە، كە بەشداری ئەو داستانە بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێزیكی زەبەلاح و پڕچەك و چوار فیرقە و بە هەزاران سەربازی بیانی، دەیانەویست لە شەڕی سحێلادا قەرەبووی شكستی شەڕە گەورەكەی پردێ بكەنەوە".
پێشمەرگە بە چەكی سووك و بە ئیرادە و مۆراڵێكی گەورەوە، لە خۆئامادەكردندا بوون بۆ بەرگری، هەروەها هێزە عێراقییەكانیشیان ئاگادار كردەوە كە دەبێت پێشڕەوی بوەستێنن، بەڵام هێزەكانی عێراق مكوڕ بوون لەسەر ئەوەی هێرش بكەن.
بەرەبەیانیی ٢٦ـی ئۆكتۆبەر، یەكەم زەنگی شەڕەكە لێی دا و هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی هێرشیان كرد، لە شەڕەكەشدا هێزی پێشمەرگە گورزێكی گەورەی لە حەشدی شەعبی و ئەو هێزانە دا، كە خەیاڵیاندا نەبوو پێشمەرگە بەو جۆرە بەرگری بكات و شەڕەكەش شەڕی مان و نەمان بوو.
پێگەی جیۆگرافی و جیۆسیاسیی سحێلا
سێلكی، روونیشی كردەوە، ناوچەی سحێلا لە ڕووی جیۆگرافی و جیۆسیاسییەوە گرنگییەكی گەورەی هەیە، ئەو ناوچەیە سێگۆشەی بەیەكەوەبەستنەوەی سێ وڵاتە، عێراقیش چەندین مەبەستی سیاسی و ئابووریی هەبوو بۆ ئەوەی سحێلا داگیر بكات.
هاتنی ئەو هێزە، دوای شكستەكەی پردێ بوو و دەیانویست ڕێڕەوی شەڕەكە بگۆڕن، لەو بارەیەشەوە، سێلكی ئاماژەی دا، هەموو مەبەستی ئەوان، بۆ گرتنەوەی سحێلا و گەیشتن بە پیشخابوور بوو، بۆ ئەوەی بڕست لە هەرێمی كوردستان ببڕن.
دەشڵێ، ئامانجی سیاسی و ئابووریش لە شەڕەكەی سحێلادا بوونی هەبوو، چونكە ئەگەر ئەوان شەڕەكەیان بردبایەوە، ئەوا دەرگای ئیبراهیم خەلیلیان دەگرتە دەست، بۆیەش كە دەیانزانی ناتوانن، دەیانویست دەرگایەكی تر لە رەبیعە بكەنەوە.
ئیرادەی پۆڵایین نەیهێشت كوردستان بكەوێت
شەڕ لەوپەڕی گەرمیدا بوو و فەرماندەكانیش بە درووشمی "خۆنەچەمێنن" شەڕیان دەكرد، كە دواتر پاشەكەشیان بە هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی كرد و پێشمەرگە سەركەوت.
ئەو فەرماندەیە ئەوەشی گوت، شەڕەكە درێژەی كێشا و ٢١ پێشمەرگە شەهید بوون، بەڵام بە هەزاران لەو چەكدارانە كوژران و پێشمەرگەش بڕیاری مان و نەمانی لە شەڕەكەدا بوو، بۆیە بە پشتیوانیی سەرۆك بارزانی و ئیرادەی گەلەكەمان، پیلانەكانی دوژمن لە گۆڕ نران.
ناوبراو گوتیشی، پێشمەرگە لە شەڕێكی نابەرابەردا توانی سەركەوتنێكی گەورەی مێژوویی تۆمار بكەن و هەموو هێرشەكانیان تێك بشكێنن، بۆیەش بەو سەركەوتنەكە، هاوكێشەكان گۆڕدران و قەوارەی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی لە دەست دوژمنان پارێزرا.
كــاروان بــاعەدری




