لە ئەمڕۆوە ھاووڵاتیان دەتوانن بە بێ ڤیزا سەردانی ئێران بكەن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڤیزای نێوان عێراق و ئێران ھەڵبگیرێت و بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ھەڵگرتنی ڤیزا ھەنگاوێكی باشە بۆ ھاووڵاتیان، بەڵام تەنیا بۆ ماوەی دوو مانگە وەك تێست.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەردوو حكوومەتی عێراق و ئێران گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ ئەوەی ڤیزا لە نێوانیاندا ھەڵبگرن و بڕیارە لە ئەمڕۆ بەدواوە تا دوو مانگی دیكە ھاووڵاتیان بە بێ ڤیزا گەشت بۆ ھەردوو لا بكەن، تەنیا ھاووڵاتیان لە سنوورەكانەوە بە پاسپۆرت دەتوانن سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەن و بە پێچەوانەشەوە".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حكوومەتی ھەرێم لەگەڵ ئێران گوتیشی: "ئەمە تەنیا بۆ ماوەی دوو مانگە وەك تێست ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێران ھەڵدەگیرێت، ئەگەر بەو شێوەیە سەركەوتوو بوو، بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو نەبێت، دیسان دەگەڕێنەوە بۆ سیستەمی پێدانی ڤیزا".
پەیوەست بە ھەرێمی كوردستانیش ئاكرەیی دەڵێت: "بێگومان ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانیش سوودمەند دەبن لەو بڕیارە، چونكە رۆژانە ژمارەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان سەردانی كۆماری ئیسلامی دەكەن و ھەڵگرتنی ڤیزاش كارئاسانیی زۆر بۆ ھاووڵاتیان و گەشتیاران دەكات".
قائید میرۆ




