د. دیندار: حكوومەت هەنگاوی زۆری بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان و دوور لە توندوتیژی ناوە

هەولێر-KDP.info- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، د. دیندار زێباری، لە میانەی دانیشتنەكانی رێككەوتننامەی سیداو لە جنێف رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان و دوور لە توندوتیژی ناوە.
رۆژی ٢١/١٠/٢٠١٩ لە بارەگای ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ لە جنێڤ خولی (٧٤)ی لیژنەی تایبەت بە رێككەوتننامەی نەهێشتنی جیاكاری دژی ئافرەتان (سیداو)، بە ئامادەبوونی پسپۆڕ و شارەزایانی لیژنەی (سیداو) و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە رێككەوتننامەكە و نوێنەرانی كۆمەڵگای مەدەنی و رێكخراوە ناحكوومییە پەیوەندیدارەكان بە بواری ئافرەتان بۆ گفتوگۆكردنی حەوتەمین راپۆرتی خولیی عێراق بە ئامادەبوونی شاندێكی هەرێمی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.
لەو بارەیەوە، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی شاندی هەرێم لە گفتوگۆكاندا گوتی: "لەم گفتوگۆیانەدا وتاری هەرێمی كوردستانمان پێشكەش كرد و تێیدا تیشكمان خستەر سەر ئەو پێشكەوتنانەی لە بواری پاراستنی مافەكانی ئافرەتان هاتوونەتە دی، بە تایبەتی یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (٨) ی ساڵی 2011 و هەمواركردنەوەی چەندین یاسا و دەركردنی رێنمایی تایبەت كە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان، لەوانەش هەوڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی، هەروەها یەكێك لە بابەتە گرنگەكان كە ئاماژەمان پێكرد، رێژەی بەشداریكردنی ئافرەت بوو لە كایە سیاسییەكان وەك پەرلەمان و حكوومەت، بۆ یەكەم جارە لە عێراق و هەرێم لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دوو ئافرەت هەیە ئەوانیش سەرۆك و سكرتێری پەرلەمانن، هەروەها لە حكوومەتیشدا سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لەلایەكی دیكەوە (30) دادوەری سزادان و (56) داواكاری گشتی و (31) دادوەری پێداچوونەوە و (94) لێكۆڵەری دادی و (289) یاریدەدەری لێكۆڵەری دادی لە هەرێمی كوردستان ئافرەتن، جگە لە مانە بە دەیان رێكخراو و دەزگای تایبەت بە بەرگریكردن لە ئافرەتان بوونیان هەیە".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە میانەی گفتوگۆكاندا تیشكی خستە سەر رۆڵ و ستراتیژیەتی حكوومەتی هەرێم لە بارەی پاراستنی مافی ئافرەتان و رایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم لە ساڵی 2012 ستراتیژیەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتانی دانا، كە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو، دواتر لە ساڵی 2017 درێژ كرایەوە تا ساڵی 2027 و ئامانجەكانی خۆی دەبینێتەوە لە بواری یاسایی، پاراستن، خۆپارێزی و پەروەردەكردن، لەلایەكی دیكەوە كاركردنی بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە(٤٠٩) راگرت بە تایبەتی لە بواری كوشتنی ئافرەت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین كۆبوونەوە و وۆركشۆپ ئەنجام دران لە قوتابخانە و زانكۆكانی هەرێم و هێڵی گەرم كرایەوە بۆ ئاگاداركردنەوەی دەزگا پەیوەندیدارەكان، هەروەها لەگەڵ پیاوانی ئایینیی موسڵمان و كریستیان بۆ پێناسەكردنی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان دەربارەی مەترسییە جۆراوجۆرەكانی توندوتیژی و نەهێشتنی دیاردەی زوو بەشوودان و خەتەنەكردنی كچان لەسەر كۆمەڵگا بە شێوەیەكی گشتی لە رێگای وتاری ئایینییەوە".
لە بارەی خزمەتگوزارییەكانی بواری تەندروستی، كە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەیە، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان روونی كردەوە: "حكوومەتی هەرێم ستراتیژیەتی تەندروستیی دایك و منداڵی پەسەند كردووە لە رێگای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی بۆ ئافرەتانی دووگیان بە خۆڕایی لە رێگای بنكە تەندروستییەكانەوە كە ژمارەیان (٢٣٨) بنكەیە، هەروەها لە رێگای (٧) نەخۆشخانەی تایبەت بە دایكان و لەدایكبوون و بەشەكانی لەدایكبوون لە نەخۆشخانە گشتییەكان و (٢٠) یەكەی تەندروستی، سەرەڕای دەیان نەخۆشخانەی كەرتی تایبەت، لەلایەكی دیكەوە چەندین سەنتەری تەندروستی كراونەتەوە، بۆ نموونە (16) سەنتەری تایبەت بە هۆشیاركردنەوە دەربارەی هاوسەرگیری و ئەنجامدانی پشكنینی پێویست پێش هاوسەرگیری، بە تایبەتی پشكنینەكانی هەوكردنی جگەر و تالاسیمیا و ئایدز و چەند نەخۆشییەكی دیكە و (٣) سەنتەری ئاشكراكردنی زووی شێرپەنجەی مەمك و (١٢) سەنتەری پزیشكی بۆ ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە".
زێباری تیشكی خستە سەر بوونی ئافرەتانی كورد لە بواری راگەیاندن و پۆلیس و گوتی: "ئێستا لە كوردستان زیاتر لە (١٥٠٠) ئافرەت ئەندامی كارا و بەشداری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانن، هەروەها (١٣) ئافرەت خاوەن ئیمتیاز و (١٧) سەرنووسەرن و دوو ئافرەت بەرپرسی لقی دهۆك و خانەقینی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانن، هەروەها لیژنەیەك لە ئەنجومەنی سەندیكا دامەزراوە بۆ داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتانی رۆژنامەنووس، سەبارەت بە كەرتی پۆلیسیش لە میلاكی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پۆلیسی هەرێم (٨٨٢) ئافرەت هەیە لە ئەفسەر و كارمەند و فەرمانبەری و تەنیا لە میلاكی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەكانی (٢٥٢٢) ئافرەت هەیە، وێڕای هەزارانی دیكە لە ریزەكانی پێشمەرگە بە پلەی جۆراوجۆر".
لە میانەی گفتوگۆكانی لیژنەی سیداو لە جنێڤ، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان باسی لە بواری پەروەردە كرد و رایگەیاند: "لەو دوو بوارەدا حكوومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی ناوە بۆ رێگاگرتن لە دووركەوتنەوەی ئافرەتان لە خوێندن، لەوانە: نەهێشتنی نەخوێندەواری كە (55،4%) ئافرەتان سوودیان لێی بینیوە، خوێندنی خێرا كە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە (٢٥٠٦) ئافرەت لێی سوودمەند بوون، زیادبوونی ژمارەی قوتابخانەی تایبەت بە كچان، لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژەی كچان لە قۆناغەكانی خوێندن بەم شێوەیە بوو: باخچەی منداڵان (50%)، بنەڕەتی (47%)، ئامادەیی (51%)، پیشەیی (36%) ،پەیمانگا (31%) و خوێندنی خێرا (29%).، لە لایەكی دیكەوە ژمارەی مامۆستا و قوتابیانی رەگەزی مێینە بەم شێوەیە بوو: (922648) قوتابی واتە بە ڕێژەی (51.72%)ی كۆی قوتابیان و (73،769) مامۆستا بە رێژەی(57.70 %) ی كۆی مامۆستایان، هەروەها خولی شیاندن بۆ زیاتر لە (١٢٠٠٠) لە مامۆستا كراوەتەوە بۆ گەیاندنی كەلتووری یەكسانی جێندەری، لەلایەكی دیكە سەبارەت بە خوێندنی باڵا، ئێستا لە كوردستان (١٤) زانكۆی حكوومی و دەیان زانكۆی ئەهلی هەیە كە رێژەی قوتابیان تێیاندا یەكسانە، هەروەها بەشێك لە راگر و سەرۆكی بەش ئافرەتانن كە لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 بەم شێوەیە بوو: (10) راگر، (83) سەرۆكی بەش (2972) مامۆستا، (68099) قوتابی و (7714) فەرمانبەر.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، سەبارەت بە رفاندنی ئافرەتانی ئێزدی لەلایەن تیرۆیستانی داعشەوە، ئااژەی دا: "ئەمە یەكێك بوو لە بابەتە گرنگەكانی نێو گفتوگۆكانی جنێڤ و لەم رووەوە گشت هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان خستە روو بۆ رزگاركردنی ئەو رفێندراوانە، لەوانە بڕیاری ژمارە(5170) ی ئەنجومەنی وەزیران لە رێكەوتی 21/8/2014 بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بە مەبەستی ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە كوردانی ئێزدی ئەنجام دراون وەك جینۆساید و پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە 25/11/2014 كە ئەركی كۆكردنەوەی زانیاری و رزگاركردنی رفێندراوانە، بەپێ زانیارییەكانی نووسینگەی ئازاد كردنی رفێندراوان تا رۆژی 20/7/2019 ژمارەی رزگاركراوەكان بریتی بوو لە (3487)، لەوانە (1186)ئافرەت، (377) پیاو، (1024) منداڵی كچ، (940)منداڵی كوڕ و تا ئێستاش (2930)یان ئازاد نەكراون، لەوانە (1338) مێ، (1592)نێر، هەروەها (100) رزگاربووی دیكە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەركردن بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكوومەتی ئەڵمانیا و حكوومەتی هەرێم.
دەشڵێ: "لەبواری تەندروستیش حكوومەتی هەرێمی خزمەتگوزاریی جۆراروجۆری پێشكەش بە ئافرەتە ئاوارە و پەنابەرەكان كردووە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە لەهەر كەمپێك یەكەیەكی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستیی دایكایەتی و منداڵبوون و چارەسەركردنی حاڵەتەكانی توندوتیژی و لەم رووەوە بە دەیان هەزار ئافرەتی دووگیان پشكنینیان بۆ كراوە، لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ منداڵانی تازەلەدایكبوو. لە رێكەوتی (22/8/2017) لە كەمپی حەسەن شام خانەیەكی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایك و باوك دامەزراوە بۆ چاودێریكردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایك و باوكیان لە دەست داوە، ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی كوتانی دایكان و منداڵان بەپێی وەرز و تەمەن، چارەسەركردنی زیاتر لە (١٢٧٨) كەس لە سەنتەری راوێژكاریی پارێزگای دهۆك، ئەمە سەرەڕای تۆماركردنی كەیسی (٢٠٣٦) ئافرەت، ئەوانەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە".




