٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیاتر لە 20 پڕۆژەی سیتییەكان لەسەر هاووڵاتیان تاپۆ دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، سەردانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیان كردووە لەبارەی تاپۆنەكردنی سیتییەكانی پارێزگای سلێمانی و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان، بۆیە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بەڵێنی داوە تاپۆ بكرێن و بەڵێندەرانیش ناچار بكرێن خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكەن.

زیاد كاكە رەزا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 20 پڕۆژەی سیتییەكان كە لە شوققە و ڤێللا و خانوو پێكدێن، تاوەكو ئێستا لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ نەكراون و خزمەتگوزارییشیان بۆ دابین نەكراوە، بۆیە ئێمەش سەردانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانمان كرد و باسمان لەو كێشە و گرفتانە كرد، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش زانیاریی تەواوی لەسەر هەبوو و باسی لەوە كرد، كە داواكارییەكان جێبەجێ دەكرێن".

كاكە رەزا گوتیشی: "بڕیار دراوە كە ئەو سیتیانە لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێن و خزمەتگوزاریشیان بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەبەرهێنەرەكان ناچار دەكەن ئەو كارە بكەن، ئەمەش جێگەی دڵخۆشیی ئێمەیە كە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان زۆر پەرۆش بوو بۆ ئەو كارە، هەروەها هاوكاریی زۆری كردین و لە خەمی خەڵكی خۆماندا بوو و داواكارییەكانی جێبەجێ كردین".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار