پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بەپێی داواكاریی خۆپیشاندەران دادەڕێژرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەڵێ، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ پەرلەمان دوادەكەوێت و، بەپێی داخوازیی خۆپیشاندەران ئامادە دەكرێت، بۆیە گرینگە كوردیش لە بەغدا ئامادەیی هەبێت، بۆ ئەوەی بەشی كوردیش لەو پڕۆژەیاسایە دیاری بكرێت.
جەمال كۆچەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق ئامادە نەكراوە و، چاوەڕێی داواكاریی خۆپیشاندەران دەكرێت، هەتا بەپێی داواكاریی ئەوان بودجە ئامادە بكرێت، چونكە كۆمەڵێك داواكاریی قورسیان هەیە و، هەمووی پێویستی بە بودجە هەیە، بۆیە هەر كاتێك داواكاریی ئەوان جێبەجێ بكرێت، بەپێی ئەو داوكاریانە بودجەكە ئامادە دەكرێت".
كۆچەر گوتیشی: "زۆر گرینگە كورد، لە بەغدا بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی لە تەرخانكردن و ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو، كوردیش بەشی خۆی هەبێت و بۆی دیاری بكرێت، چونكە ئەو پڕۆژەیاسایەی پێشتر ئامادە كرابوو، تەواو گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بۆیە پێویستە لە بەغدا نوێنەرانی كورد رۆڵیان هەبێت و حكوومەتیش ئامادەیی هەبێت".
بڵند ئیبراهیم




