حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندیی دا بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
__2019_10_22_h16m43s22__ER.jpg)
هه‌ولێر-kdp.INFO- به‌ڕێوەبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیی داوه، كه ئه‌و پڕۆژانه‌ی ته‌واونه‌كراون، پاره‌ی كاشیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و ته‌واو ده‌كرێن و ئه‌وكاره‌ش به قۆناغ ده‌كرێت و له قۆناغی یه‌كه‌مدا ئەو پڕۆژانەی 15%یان مابوو، ته‌واو ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته كارێكی باش بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و زیادبوونی ده‌رفه‌تی كار له هه‌رێمی كوردستان."
به‌شار عه‌لی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نووسراوی فه‌رمی ڕه‌زامه‌ندیی داوه، ئه‌و پڕۆژانه‌ی به‌هۆی قه‌یرانی داراییەوە وه‌ستابوون ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه و ته‌واو بكرێن و ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانیش به قۆناغ ده‌بێت و له قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌وانه‌ی 15%یان مابوو، ته‌واو ده‌كرێن و دواتر ئه‌وانه‌ی 25%یان مابوو ته‌واو ده‌كرێن."
به‌ڕێوەبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان گوتیشی: "هه‌ر پارێزگایه‌ك لیستی پرۆژه‌كانی خۆی ناردووه و ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه و ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت و حكوومه‌تیش پاره‌ی كاشیان بۆ ته‌رخان ده‌كات."
به‌شار عه‌لی گوتیشی: "ئه‌و كاره ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵك جێبەجێ بکرێن و خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن، چونكه پڕۆژه‌كان له قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و پڕۆژەی جۆراوجۆری دیكه پێك دێن و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار له هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ببێت."
بڵند ئیبراهیم




